فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن سەردانی کەناڵی تەلەفزیۆنی سپیدا دەکەن
لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی کاری میدیایی، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان -هەولێر ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥) سەردانی کەناڵی ئاسمانى سپێدەیان لە شارى هەولێر کرد.
سەردانەکە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمە بەڕێوەچوو، سەرەتاش لەلایەن عەبدولکەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکە و ژمارەیەک لە کارمەندەکانی پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرى کەناڵەکە زانیاریی وردى لە بارەى سروشتی کاری میدیایی لە کەناڵەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتریش بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی سپێدا باسی لە مێژووی دامەزراندنی کەناڵەکە و گرنگترین ئەو بەرنامانەی کرد کە لە کەناڵەکەیان پێشکەشی دەکرێن، هەروەها دەستی خستە سەر گرنگی ئەو پەیامەی کە کەناڵەکە لە گەیاندنی دەنگی هاووڵاتی، چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و، تیشکیان دەخەنە سەر.
پاشان فێرخوازان وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیان تەرخانکرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کەناڵەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ستۆدیۆکانی هەواڵ، ستۆدیۆکانی بەرنامە و بەشی مۆنتاژیان بەسەرکردەوە و، ئاشناى چۆنیەتى ئامادەکردنى هەواڵ و تۆمارکردنى بەرنامەکان و قۆناغەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی بوون. لەکۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان سەرسامی خۆیان بۆ ئەو پێشکەوتنە دەربڕی کە لە کەناڵی سپیدا بینیویانە، جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەم سەردانە زۆر بەسوود بوو بۆیان، بەو پێیەی لە نزیکەوە فێری سروشتی کاری میدیایی بوون.
کارمەندانی کەناڵی سپیدا خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی و، جەختیان لە پەرۆشی خۆیان کردەوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین پاڵپشتی بۆ فێرخوازان و پێشکەشکردنی ئەزموونی کردەییان تا، فێرخوازان باشتر شایستەى هاتنە ناو گۆڕەپانی ڕاگەیاندن.