فێرخوازانى بەشی ژمێریاری، ئاشناى سیستمى ژمێریارى نەخۆشخانەکان دەکرێن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (23/1/2025)، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ نەخۆشخانەى نانەکەلى لە شارى هەولێر ڕێکخست بەمەبەستى ئاشنابوون بە سیستمى ژمێریارى و ڕایکردنى کاروبارەکان لە نەخۆشخانەکە.
لەو سەردانە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتی دکتۆر ئیبراهیم حسێن بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن کارزان ئیبراهیم خەلیل بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی نانەکەلى بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستەش بەکورتى ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى سیستمى ژمێریارى و، ڕێکارەکانى خەرجى و داهاتى نەخۆشخانە و، ئەوانەى پاڵپشتى دارایی پێشکەش بەنەخۆشخانەکە دەکەن؛ پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتریش هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى نەخۆشخانەکە.
لەو چوارچێوەیەدا لێپرسراوى بەشی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکە ڕوونکردنەوەیەکی گشتى لەسەر کارەکانی بەشەکەیان لە ڕووی چۆنیەتی چاودێری و وردبینی لە ئامادەبوونی فەرمانبەران، خشتەی دەوامی کارمەندان و ڕێکارەکانی تۆمارکردنی ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی فەرمانبەران بۆ فێرخوازان باسکرد، وتیشى ئەم هەنگاوانە بنەماى سەرەکین لە ئامادەکردنی مووچەی پزیشک و فەرمانبەران، لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئاشناى میکانزمەکانى کارەکانى لیژنەی کڕین و چێشتخانەکە، ئەرکەکانی، ڕێکارەکانی پێکهێنانی، ژمارەی ئەندامەکانی و ڕێنماییەکانی ئەو بوارە بوون.