فێرخوازانى بەشی ژمێریاری؛ دیاری بەسەر قوتابیانى قوتابخانەی پەیمانى بنەڕەتی دابەش دەکەن
لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ( 2ی شوباتی 2025) سەردانی قوتابخانەی پەیمانى بنەڕەتی تێکەڵاویان لە شارى هەولێر کرد و، دیارییان بەسەر قوتابیانى قوتابخانەکە دابەشکرد.
سەرەتا مامۆستا لاولاو خەلیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ، بەخێرهاتنێکی گەرم مامۆستا و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد، پاشان یاوەری فێرخوازانىکرد بۆ بەسەرکردنەوەى پۆلەکانى قوتابخانەکە بۆ ئاشنابوونیان بە ژینگەی فێربوون و ئاستە جیاوازەکانی خوێندن لە قوتابخانەکەدا. دواتریش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دیارییەکانیان پێشکەش بە قوتابیان کرد، کە بریتی بوون لە جلوبەرگی قوتابخانە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا مامۆستا لاولاو خەلیل عەبدوڵڵا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە مرۆییە. هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی ئەرێنی ئەم جۆرە چالاکیانە کردەوە لە پشتگیریکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و، پێشخستنی ژینگەیەکی فێربوونی هاندەر و، هاندانی قوتابیان بۆ ئەوەی لە پرۆسەى خوێندن سەرکەوتوو بن.