فێرخوازانى بەشی ژمێریاری بە سەردانێکی زانستی بانکی خانزاد لە هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٠/١١/٢٠٢٥) ، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری بە سەرپەرشتیی مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد، سەردانێکی زانستیی بۆ کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بۆ “بانکی خانزاد” لە هەولێر ڕێکخست.
لەسەرەتادا هونەر سابیر عەزیز، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بانکەکە، بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرد و ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی ڕێکارەکانی ژمێریاری لە بانک و سوڕی مامەڵە ڕۆژانەکان پێشکەش کرد، هاوکات ئاماژەى بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی بانکی لەگەڵ سپاردە (Edaat)ی ڕۆژانە، ڕاکێشانی پارە، قیستی قەرزەکان و گواستنەوەی پارە لە نێوان لقەکاندا ڕوون کردەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی وردبینی، پشتڕاستکردنەوە و تۆمارکردنی دەستبەجێ لە ڕێگەی سیستەمی دارایی بانکەکەوە. هەروەها بەڕێوەبەری ژمێریاری باسی لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی مامەڵە ڕۆژانەکان، هاوتاکردنی باڵانسە نەختییەکان، پۆلێنکردنی هەژمارەکان و چاودێریی ناوخۆیی کرد کە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ڕێساکانی بانک بەکاردەهێنرێن.
لەوێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، دەرفەت بۆ فێرخوازان ڕەخسێندرا تا ئاشنای چۆنیەتی جێبەجێکردنی بنەماکانی ژمێریاری بن لە ژینگەیەکی بانکیی ڕاستەقینەدا، هەر لە بەڵگەدارکردنی مامەڵەی بریکارەکانەوە تا دەگاتە تۆمارە ڕۆژنامەییە گشتییەکان و ئامادەکردنی پوختە داراییەکان بۆ کۆتایی ڕۆژ.
لەکۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خانزاد و تیمی ژمێریاریی کرد بۆ پێشوازییە کەیان و ئەو زانیارییە کردارییە بەنرخانەی پێشکەشیان کرد.






