فێرخوازانى بەشی ژمێریاری بە گەشتێکى زانستى گرووپی ئۆپتیمەم (OPTIMUM) لە هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٧/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم بۆ گرووپی ئۆپتیمەم (OPTIMUM) لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لە کاتی گەیشتنیان، ئاردال ئایرانتشی (Ardal Ayranci) بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپی ئۆپتیمەم، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، سەرەتا کورتەیەکى لەبارەى گروپەکەیان بۆ فێرخوازان باس کرد و وتى: گرووپی ئۆپتیمەم کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی خزمەتگوزاری بواری نەوتە و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کاردەکات و، خزمەتگوزارییەکانی وەک کونکردنی بیرە نەوت و گاز، بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و چەندین خزمەتگوزاریى تر پێشکەش کرد.
پاشان بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپی ئۆپتیمەم هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشێکى گروپەکەیان، لەو چوارچێوەیەشدا لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشناى کارە سەرەکییەکانی کۆمپانیاکە و ڕۆڵی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کێڵگە نەوتییەکان کرد، بەتایبەت کە لە بوارەکانى وەک کارەکانی بیر، گەڕان، تەواوکاری و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان کار دەکەن، دواتریش زانیارى گرنگى لەبارەى بوارى ژمێریارى بە گشتى و ژمێریاری لە پیشەسازی نەوت و غاز بەتایبەت ژمێریاری تێچوون (Cost Accounting) و چۆنیەتی هەژمارکردنی تێچووی چالاکییەکان و شیکردنەوەی جۆرەکانی تێچوون لە کەرتی نەوت و گاز و هەژمارەکانیان، هەروەها چۆنیەتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایی و بەرهەمهێنانەکان و ناسینی پڕۆسەی پلاندانانی دارایی و بەرهەمهێنان و دەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک ڕونکردنەوەى گرنگى لە بوارەکانی شیکردنەوەی تێچوون، داڕشتنی بودجە و پلاندانانی دارایی خستەڕوو.
لە کۆتایی گەشتە زانستیەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد سوپاسی ئاردال ئایرانتشی کرد بۆ میواندارى و هاوبەشیکردنی ئەزموونە پیشەییەکەی لەگەڵ فێرخوازانى بەشى ژمێریارى، وتیشى زانیارییەکان بەسوود بوون بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى تێگەیشتن و پەرەپێدانى زانیارى فێرخوازان لە بوارى ژمێریارى پیشەسازى بەتایبەت.