فێرخوازانى بەشی ژمێریاری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی میرایان لە هەولێر کرد
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/19، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی میرا لە هەولێر بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بە سەرپەرشتی مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد.ڕێکخست.
لە میانی ئەم سەردانە زانستییەدا بۆ کارگەی ئاوی میرا لە هەولێر، سامان سابیر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان، پێشوازی لە فێرخوازان کرد و، پاشان بە شێوەیەکی تێروتەسەل پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی بۆ ڕوون کردنەوە، هاوکات هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانى شی کردەوە و، جەختی لەوە کردەوە کە هەر قۆناغێکی بەرهەمهێنان پێویستی بە ماددە جیاوازەکان هەیە وەک فلتەر، ماددە کیمیاییەکان و کەلوپەلی پاکەتکردن، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک تۆمار دەکرێن و شیدەکرێنەوە. لە بەشێکى دیکەى قسەکاندیا سامان سابیر بە وردی باسی چۆنیەتی هەژمارکردنى تێچووی پاککردنەوە و پاکژکردنی ئاوی لە هەر قۆناغێکدا، و چۆنیەتی هەژمارکردنى تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی بۆ فێرخوازان کرد. هەروەها ڕۆڵی ژمێریاریی دارایی و ژمێریاریی تێچووی و گرنگییان لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایی و بەرهەمهێنراوەکاندا بەوردى خستەڕوو.
لە کۆتایی سەردانەکەدا بۆ کارگەی ئاوی میرا، فێرخوازان گفتوگۆیان لەگەڵ سامان سابیر ئیبراهیم سەبارەت بە بەرهەمهێنان، چاودێریکردنی تێچوو و وردبینی زیاتر کرد، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان وەڵامی پرسیارەکانی فێرخوازانى دایەوە سەبارەت بە لایەنە پراکتیکییەکانی ژمێریاریی تێچوو و ژمێریاریی دارایی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایی و بەرهەمهێنراوەکان، و پرۆسەکانی وردبینی و چاودێریی بەرهەمهێنان کە پەیڕەو دەکرێن.
لە کۆتاییدا، مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان کرد بۆ پێشوازی گەرم و زانیارییە بەنرخەکان کە پێشکەشی فێرخوازانى کرد.







