فێرخوازانى بەشی ژمێریاری سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠٢٥)، فێرخوازانى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان، بە سەرپەرشتیی مامۆستا دکتۆر هاشم محەمەد سافی، سەردانێکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەنجینەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
شاندەکە لەلایەن سەرکەوت مەغدید مەجید بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە پێشوازی لێکرا، پاشان لە ئالا فاروق هینی بەڕێوەبەری ژمێریاری ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی بۆ فێرخوازان پێشکەش کرد دەربارەی شێوازی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەنجینەکان، لەوانە پێکهاتەی کارگێڕی، ئەرکە ڕۆژانەکانی فەرمانبەران، میکانیزمی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی حکومەت و بەدواداچوونی داهات و خەرجییەکان. هەروەها نموونەیەکی کرداریی تەواوی بۆ یەکێک لە خەرجییەکان خستە ڕوو، کە تێیدا هەنگاوەکانی لە پێشکەشکردنی داواکارییەوە تا تۆمارکردنی مامەڵەکە و چاودێریکردنی لە چوارچێوەی سیستمە ژمێریاری و چاودێرییەکاندا ڕوون کردەوە؛ ئەمەش تێگەیشتنێکی کرداریی بەخشییە فێرخوازان دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان لە واقیعدا. هەروەها دەرفەت بە فێرخوازان درا پرسیار و تێبینییەکانیان دەربارەی لایەنە دارایی و کارگێڕییەکان ئاڕاستە بکەن.
ئەم سەردانە دەرفەتی بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا لە نزیکەوە ئاشنای چۆنیەتی جێبەجێکردنی چەمکە ژمێریاری و کارگێڕییەکان بن بە شێوەیەکی کرداری، کە یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتنیان لە ڕێکارە دارایی و چاودێرییەکان و بەستنەوەی ئەو لایەنە تیۆرییەی دەیخوێنن بە کاری کرداریی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەنجینەکاندا.
لەکۆتایی سەردانەکەدا، دکتۆر هاشم محەمەد سافی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ژمێریاری کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و ئەو ڕوونکردنەوە تێروتەسەلەی پێشکەشیان کرد.






