فێرخوازانى بەشی ژمێریاری لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەشتێکى زانستى سەردانى کۆمپانیا ى (KHCPA) دەکەن
بەمەبەستى ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى بەکارهێنانی نوێترین سیستمی وردبینی و ژمێریاری، سەرۆکایەتى بەشى ژمێریاری لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى) ١٦ /١٠/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەم لە بەشى ژمێریاری بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر راز ئازاد جلال بەگەشتێکى زانستى سەردانى کۆمپانیاى (KHCPA)يان لە شارى هەولێر كرد. مامۆستا و فێرخوازان لەلایەن هۆشیار دزەیی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە پێشوازییەکی گەرمیانيان لێکرا، پاشان لە دیدارێکدا بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە کورتەیەکی لەبارەی کۆمپانیاکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و وتى: لە کۆمپانیاکەماندا تیمى پیشەیی وردبینی و ڕاوێژکاری باج وەرگرتن هەیە، ئەوەش خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری و کوالیتی ژمێریاری، وردبینی و پشتگیری بازرگانی پێشکەش دەکرێت.
دواتر بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە؛ فێرخوازانى بەشى ژمێریارى ئاشنا ئەو بەربەست و ئاڵنگارییانە کرد، کە لەوانەیە لە کاتی پرۆسەی وردبینیدا ڕووبەڕوویان ببێتەوه، هەروەک باسى لە ئەرکێکى دیکەى کۆمپانیاکەیان کرد بۆ چۆنیەتى بەشداریکردن لە سەرکەوتنی کارى کڕیاران، ئەوەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەرزترین کوالیتی ژمێریاری، وردبینی، پلاندانانی باج و خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری بازرگانی بۆ بازرگانی، خاوەنکار و تاکەکان.