فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار هەوڵەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوەی باخچەیەکی منداڵان دەستپێدەکەن
فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێشخەرییەکی خۆبەخشانەی دەستپێکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ، “باخچەی مندالانی گوڵاڵە” لە شاری هانا – هەڤاڵان.
لەو چوارچێوەیەدا و، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قصي حميد السلامي، ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (١٣/١/٢٠٢٦) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى باخچەى منداڵانى گوڵاڵەیان کرد و، بە گەرمى لەلایەن شرمین فقی عبداللە بەڕێوەبەری باخچەکە و ستافی مامۆستایان پێشوازییان لێکرا، دواتر لە وتەیەکدا بەڕێوەبەرى باخچەکە تیشکی خستە سەر ئەو زیانە بەرچاوانەی بەهۆی بارانبارین دوچارى بووە، پاشان فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى باخچەکەدا کۆمەڵێک تێبنیان تۆمارکرد و لە نزیکەوە ئاگادارى زیانەکانبوون بەتایبەت بۆیان دەرکەوت بەشێک لە سەقفی پۆلەکان داڕماون، ئاوی باران لە ناوەوە دزە دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی زەوی و تێکچوونی پێداویستیە پەروەردەیی و کارگێڕییەکان، ئەمە جگە لەوەی کارەبای بە تەواوەتی پچڕاوە، ئەوەش وایکردوە کە دەوامى باخچەکە لە پێناو سەرمەلاتى گیانى منداڵان ڕابگرن.
لە بەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان ڕایگەیاند، “ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی چرایەکی ڕاستەقینەی هیوا دەکات بۆ منداڵەکانمان. هاوبەشی لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ کردنەوەی دەرگای باخچەی ساوایان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت و گونجاو، بۆ ئەوەش سوپاسی دڵسۆزانەیان ئاراستەی شاندی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.







