فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار هەڵمەتێکى فراوانیان بۆ بەفیڕۆنەدانى خواردن بەڕێوەبرد
بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاری سەبارەت بە رێگریگرتن بەفیرۆدانی خواردن لە نێو کۆمەڵگە، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (21/10/2025)، فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ بەفیڕۆنەدانى خواردن بەڕێوەبرد.
هەڵمەتەکە بەچاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتى مامۆستا یاریدەدەر هێڤى محمد قادر بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش ستافى زانستى بەشەکە و فێرخوازان سەرەتا کۆمەڵێک پرۆشەریان بە ناونیشانى (خواردن بەفیرۆ مەدە) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى بەفیرنەدانی خۆراک و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک خۆراک پاشەکەوت بکە، هەسارەکەت رزگاربکە – هەر گازگرتنێک ئەژماردەکرێت – تەنها هێندە لە قاپەکەت بکە کە دەتوانیت تەواوی بکەیت، ماوەکەش گرنگە – بەفیرۆدانی خواردن بەفیرۆدانی سەرچاوەکانە، بۆیە پێش ئەوەی فرێی بدەیت بیربکەرەوە – خۆراک بەفیرۆ مەدە، رەنگە کەسێکی تر پێویستی پێ بێت.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى بەشەکە و مامۆستای سەرپەرشتیار سەردانى بازاری قەیسەریان کرد لە سەنتەرى شاری هەولێر، پرۆشۆرەکانی تایبەت بە هۆشیارییان بەسەر دوکانداران و رێبواران و هاوڵاتیان دابەش کرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا هەوڵبدەن خواردن بەفیرۆنەدەن، بۆ ئەوەش دوکاندار و رێبواران و هاوڵاتیان دەست خۆشیان لە فێرخوازان کرد بۆ رێکخستن و بەرێوەبردنی ئەم جۆر هەڵمەتە بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە.







