فێرخوازانى بەشی کارگێڕی گشتی سەردانى پەرلەمانی کوردستان دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٢/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەم و سێیەم بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حەمید السلامی ڕێکخست.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن عومەر کامیل احمد و دڵدار عەزيز لە پرۆتۆکۆلى پەرلەمانى کوردستان پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەى کتێبخانەی پەرلەمان، بۆ ئەوەش دواى ئەوەى لەلایەن محمد تاهیر بیرانی بەڕێوەبەری کتێبخانە پێشوازییان لێکرا، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى پێکهاتەى کتێبخانەى پەرلەمان باسکرد و وتى: کتێبخانەى پەرلەمان دەیان سەرچاوە و کتێبی جۆراوجۆری لە بوارەکانی ئیدارەی گشتی، حوکمڕانی و یاسایی و…هتد لە خۆگرتووە و، سەرچاوەیەکى گرنگى زانستیە بۆ فێرخوازان بەتایبەت ئەوانەى ئەخوازن توێژینەوەى زانستى لە بوارە جیاکان ئەنجام بدەن، پاشان کۆپی ڕەشنوسى دەستووری هەرێمی کوردستانى بەسەر فێرخوازاندا دابەش کرد.
پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، لەوێش دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بۆ بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە کارەکانی پەرلەمان و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى دانیشتنەکانى پەرلەمان، پاشان دڵدار عەزیز ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر چوارچێوەی یاسادانان خستەڕوو، هەروەک باسى ڕێکارەکانی داڕشتنی یاساکان، دەرکردنی، سەرپەرشتیکردنی کارەکانی حکومەت، و بەڕێوەبردنی مووچەی کەرتی گشتیی خستەڕوو. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی 19 لیژنەی پەرلەمانی کرد، ڕۆڵی هەر لیژنەیەک لە سەرپەرشتیکردنی کەرتێکی دیاریکراوی حوکمڕانیدا ڕوونکردەوە.