فێرخوازانى بەشی یاسا بەچالاکیەک؛ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ بەرز ڕادەگرن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (9/12/2024(، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، ئەحمەد مستەفا فێرخوازى قۆناغى یەکەمى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە پێشکەشکردنى بابەتێک لە قوتابخانەى خانزادى بنەڕەتى کوڕان باسى ڕۆژى جیهانى مافى مرۆڤ و جاڕنامەى مافەکانى مرۆڤى کرد.
لەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی بەڕێوەچوو، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لەلایەن ستافى کارگێڕى قوتابخانەکە پێشوازى لێکرا، ئینجا لەگەڵ قوتابیان کۆبوە و باسى لە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ وگرنگییەکەى بۆ قوتابیان کرد، هەر لە میانەى بەڕێوەچونى چالاکیەدا کۆمەڵێک زاراوەی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ بە قوتابیان ناساند، لەوانە مانای ماف و ئازادییەکان و گرنگی پاراستنیان بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، هاوکات قوتابیانى قوتابخانەکەى ئاشناى ماف و ئازادیەکان بە گشتی و گرنگی و تایبەتمەندی هەریەک لەوانە کرد. ئینجا باسى لە ڕۆڵی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە چەسپاندنی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان و ڕەنگدانەوەى لە داڕشتنى یاسا ناوخۆییەکان کرد.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی بابەتی مافەکانی مرۆڤ دێ، کە لە قۆناغى یەکەم لە بەشى یاسا دەخوێندرێ و، تیایدا جەخت لە گرنگی ئاشناکردنى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بە ماف و ئازادییەکانى مرۆڤ دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن شارەزایی پێویست بەدەست بهێنن و بەرگری و داکۆکی لە مافی مرۆڤ بکەن، هەربۆیە ئەحمەد مستەفا لە میانەى باسکردنى بابەتەکەیدا هانى قوتابیانى دا ئاستى هۆشیاریان بەرز بکەنەوە بۆ ئاگاداربون لە مافەکانى مرۆڤ تاوەکو کەس نەتوانێ پێشیلى ماف و ئازادییەکانیان بکەن.