فێرخوازانى تەلارسازى بە سەردانێکی زانستی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر بەسەردەکەنەوە
لە بەردەوامى سەردانە زانستیەکانى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە لایەن سەرۆکایەتى بەشەکە بۆیان ڕێکدەخرێت، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٧ی شوبات ٢٠٢٤) و، لە چوارچێوەی ئاشناکردنى فێرخوازان بە پێداویستیەکانی دیزاینی نەخۆشخانەکان بەشێوەیەکى پراکتیکى، فێرخوازانى قۆناغی چوارەم سەردانى نەخۆشخانەى ڕزگارى شارى هەولێریان کرد.
لەو سەردانەدا، کە بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حەمید یاسین و دکتۆر ئیسماعیل خەلیفە بەڕێوەچوو، فێرخوازان و مامۆستایان لەلایەن ئەندازیار نەوزاد سەعید بەڕێوەبەری تەکنیکی نەخۆشخانەی ڕزگاری پێشوازییان لێکرا، دواتر هاوەڵیکردن بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاجیاکانی نەخۆشخانەکە لە سەرجەم نهۆمەکان، لەوانە: بەشی کارگێڕی، بەشی دەرەوە، فریاکەوتن ، بەشی تاقیگە و تیشک…هتد.
لەمیانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا پرۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حەمید، بەشێوەیەکى زانستى پێکهاتە و گرنگى و دیزاینى هەریەک لە بەشەکانى بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە، وتیشى گرنگە لە دیزاینکردنى نەخۆشخانەى هاوشێوەدا ئەو بەش و پێکهاتە جیاوازانە لەبەرچاو بگیرێن، لەلایەکى دیکەوە دکتۆر ئیسماعیل خەلیفەش، باسى جۆرەکانی سیستمی تەندروستی و لایەنى میکانیکى نەخۆشخانەکان بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە، لەوانشە هەواگۆڕکێی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ، کە لە شوێنە تەعقیمییەکاندا بەکاردەهێنرێن.