فێرخوازانى تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى نەخۆشخانەى پاکى دەکەن
لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی لایەنی پراکتیکی و فراوانکردنی ئاسۆی زانیاری کارپێکراو لەنێو فێرخوازانى لە بەشی تەکنیکى سڕکردن، سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم و دووەم بۆ نەخۆشخانەی پاکی لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەو سەردانەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٣٠/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی دکتۆر محمد ئەمین سارمد قاسم بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن دڵزار کەریم قادر، سەرۆکی پەرستاران لە نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهاتنی فێرخوازان ئینجا ڕوونکردنەوەیەکی سەرەتایی لەسەر پێکهاتە و بەش و ئەرکەکانی نەخۆشخانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ ناساندنى هۆڵەکانی نەخۆشخانەکە، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا فێرخوازان سەردانی یەکەی چاودێری چڕی تازە لەدایکبووان (NICU)یان کرد، کە چەندین یەکەی تایبەتمەند لەخۆدەگرێت، لەوانە یەکەی لەدایکبوونی سروشتی، ژوورێکی نەشتەرگەری تایبەت بە لەدایکبوونی سروشتی، هەروەها یەکەی چاودێریکردنی کۆرپەی پێشوەختە، بۆ ئەو مەبەستەش پەرستار هودا کامەران مستەفا ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی قۆناغەکانی منداڵبوونی سروشتی و میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە جیاوازەکانی ناو بەشی منداڵبوون پێشکەشکرد. پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەشی فریاکەوتن لەلایەن پەرستار نەرمین خەیرڵا قادر ئاشناى پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بەشەکەی و میکانیزمی وەرگرتنی حاڵەتە فریاگوزاریەکان کران. هەروەها پێداچوونەوەی بە هەنگاوە سەرەتاییەکانی هەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا کرد، کە تیایدا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی تیمی پەرستاری و سڕکردن و بێهۆشکردن لە دۆخە سەختەکاندا.
لەکۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن دکتۆر سەلیم سەعید زەنگەنە پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانە پێشوازییان لێکرا، لە دیدارێکدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان دکتۆر سەلیم سەعید تیشکی خستە سەر چۆنیەتی باشترین مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکان و گرنگی وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە پراکتیزە پزیشکییەکانی ئێستادا. هەروەها ئاماژەی بە ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم کارمەندانی چاودێری تەندروستی کرد لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی بەردەوامی تەکنەلۆژیا پزیشکییەکان.