فێرخوازانى تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی بەشداری لە وۆرکشۆپێکی پێشکەوتووی تایبەت بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە تیشکی (CT Scan) دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی خاتوو گوڵاڵە عەبدولواحید، بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوودا کرد، کە لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەم وۆرکشۆپە ڕاهێنانییە لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر نەوید عەبدولکەریمی بە هاوکاری لەگەڵ بەشی تەکنیکیی نەخۆشخانەکە ڕێکخرابوو. وۆرکشۆپەکە تیشکى خستە سەر بەکارهێنانە پێشکەوتووەکانی تیشکی سی تی (Computed Tomography) و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) لە شیکردنەوەی وێنە تیشکییەکاندا. بۆ ئەوەش مامۆستاى یاریدەدەر نەوید عەبدولکەریمی پێشکەشکردنێکی پراکتیکیی گشتگیری پێشکەش بە فێرخوازان و ئامادەبووان کرد و، تێیدا میکانیزمەکانی سیستمی CTی ڕوون کردەوە و نیشانیدا چۆن تەکنیکەکانی AI دەتوانن وردبینیی دەستنیشانکردن بەرز بکەنەوە و خێراتر لە پڕۆسەی شیکردنەوەی وێنەکان بکەن.
جگە لەوەش، وۆرکشۆپەکە ڕوونكردنەوەیەکی وردی لەسەر قۆناغەکانی بنیاتنانەوەی وێنەی سێ ڕەهەندی بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد خستەڕوو، هاوشان لەگەڵ بەکارهێنانە پراکتیکییەکانی لە شیکردنەوەی گرێکان، ئێسک و شانە نەرمەکان، جگەلەوە فێرخوازان لەسەر باشترکردنی پارامەترەکانی دۆزی تیشکدان و کوالیتیی وێنە ڕاهێنران، بە گوێرەی پڕۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی، کە تێگەیشتنی ئەوانی بۆ تەکنیکە مۆدێرنەکان لە تیشکی (computed tomography) قووڵتر کردەوە.
لە میانی ڕاهێنانی پراکتیکیەکەدا، فێرخوازیان مەشقیان لەسەر ئامادەکردنی نەخۆش بۆ پڕۆسەی وێنەگرتن و جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆڵە پێشکەوتووەکانی پشکنین کرد، ئەمەش وای لێکردن ئەزموونێکی واقیعییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە کلینیکییەکان و تێگەیشتن لە شێوازەکانی شیکردنەوەی وێنەی پزیشکیی مۆدێرن بەدەستبهێنن.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەری نەوید عەبدولکەریمی سوپاس ستافی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد بۆ هاوکارییە بەرهەمدار و پشتیوانیی بەردەوامیان لە بەهێزکردنی لایەنی ڕاهێنانی پراکتیکیی پڕۆگرامەکە.






