فێرخوازانى زانستى کۆمپیوتەر بەشدارى لە پێشبڕکێی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری كۆمپانیای هواوی دەکەن
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، کۆمپانیای هواوی ئاگادارییەکى بۆ سەرجەم مامۆستایان و فێرخوازان لە سەرجەم بەشەکانی ئای تی و ئەندازیاری پەیوەندیەکان و کۆمپیوتەر بڵاوکردنەوە بۆ بەشداریکردن و ناو نووسین لە پێشبڕکێى ساڵانەى هواوی بۆ تەکنەلۆژیای زانیارى.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (13/10/2022) لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى کۆمەڵێک لە مامۆستایانى بەشەکەیان، فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر (IT) لە زانکۆی جیهان – هەولێر ناوى خۆیان لە پێشبڕکێی هواوی بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی (ICT) تۆمار کرد.
لە میانەى ناو تۆمارکردنیان، مامۆستایانى سەرپەرشتیار هەنگاو بەهەنگاو زانیارى پێویستیان پێشکەش بەفێرخوازان دەکرد و ڕوونکردنەوەیان پێدەدان بۆ چۆنیەتى ناو تۆمارکردن و، داخڵکردنی زانیارییە پێویستەکان و ڕێنماییکردنیان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەم پێشبڕكێیە یەكێكە لە پێشبڕكێیە گرنگەكانی بواری تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندی، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ساڵانە ئەو پێشبڕکێیە بەڕێوەدەچێت و، چەندین خەڵاتی بەنرخ هەیە بۆ براوەكان لە یەکەمەکان بە بڕی بیست هەزار دۆلاری ئەمریکی (٢٠ هەزار دۆلار) خەڵات دەکرێن، وەک لە ئاگادارینامەکەیاندا هاتووە ناو تۆمارکردن تا ڕێکەوتى (20/10/2022) بەردەوام دەبێت.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ هەمیشە پاڵپشت و هاندەرى سەرەکى فێرخوازان بووە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێیە جۆراوجۆرەکان لە ئاستى ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتى، بۆ ئەم پێشبڕکێیەى ساڵانەى کۆمپانیای هواوی کارئاسانى تەواوى پێشکەش بەفێرخوازان کردوە.