فێرخوازانى زانستی کۆمپیوتەر؛ کۆمپانیایەکی پەرەپێدانی سیستمی زانیاری بەسەر دەکەنەوە
بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئەزموونی فێرخوازان و، پەرەپێدانی زانیاریەکانیان لە بواری زانستی کۆمپیوتەر و بەڕێوەبردنی سیستمی زانیاری، سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى ڕێکخست.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٣) فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر عالیە ئەسعەد مەهدى؛ لە شارى هەولێر سەردانى کۆمپانیای “ڕێدکۆد”ى تایبەتمەند لە پەرەپێدان سیستمی زانیارییان کرد و، لەلایەن سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاکە پێشوازى لە مامۆستا و فێرخوازان کرا، پاشان کورتەیەکیان لەبارەى کۆمپانیای (RedCode) بۆ فێرخوازان باس کرد و، وتیان یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکان لەبارەى پەرەپێدانی سیستمی زانیاری بۆ کڕیارى کۆمپانیاکان.
سەردانەکەش بووە دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازان بۆ فێربوون و ئاشنابون بە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامرازەکان، کە لە دیزاینکردن و جێبەجێکردنی سیستمی کارامەیی بەڕێوەبردنی زانیاریدا بەکاردەهێنرێن، هاوکات ڕێنمایی فێرخوازانیان کرد بۆ چۆنیەتى کارکردن لە بوارەکە و، بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەرەپێدانی کارامەیی زانستی و کردەیی بەگوێرەی پێداویستی و پێداویستییەکانی بازاڕی کار.