فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە وۆرک شۆپێکى تایبەت بە بەهێزکردنى تواناکانی بازرگانی دەکەن
ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (17/1/2025)، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان لە وۆرک شۆپێکی سەرنجڕاکێشی سیمولەیشن کرد، کە بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونی دەستی لە کارەکانی بازرگانی و بڕیاردان داڕێژرابوو.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر میچال دیکۆنسکی (Michal Dziekoński) بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەیا ئەمیر عبدالجبار و سیدرا نیهاد اسحق عیسى لە بەشى (کارگێڕى کار) بەشداریان تیادا کرد، لە وۆرکشۆپەکەدا جەخت لەسەر فێربوونی پراکتیکی فێرخوازان کرایەوە، ئەوەش لە ڕێگەی چالاکییە کارلێککارەکانەوە کە سیناریۆی بازرگانی جیهانی ڕاستەقینەیان ھاوشێوە دەکرد.
لە میانەى بەڕێوەچوونى وۆرکشۆپەکەدا دوو چالاکیی جیاواز پێشکەشکرا، یەکەمیان تایبەت بوو بە ئاڵنگارییەکان لەسەر بنەمای تیم بوو، کە گرنگی بە پلاندانانی ستراتیژی و تەرخانکردنی سەرچاوەکان دەکردەوە، هەرچى چالاکى دووەم بوو بریتى بوو لە ڕاهێنانێکی کێبڕکێیی، کە پێویستن بۆ بڕیاردانی خێرا لە ژێر فشاردا. هەردوو چالاکییەکە بە شێوەیەک بەڕێوەچوون، کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنان و کاری تیمی فێرخوازانى تاقیکردەوە.
لە میانەى بەڕێوەچوونى چالاکیەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە گڕوتینەوە بەشداریەکى کارایی چالاکیەکانى وۆرکشۆپەکەیان کرد، لە کۆتایشدا سەرپەرشتیارى چالاکیەکە ستایشى ئاستى بەشدارى فێرخوازانى کرد، هیواشى خواست وۆرک شۆپەکە ببێتە ئەزمونێکى گرنگ بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى فێرخوازان بەتایبەت لە بوارى کارامەییەکانى سەرکردایەتی، پەیوەندیکردن و شیکاری ستراتیژی لە داهاتودا.