فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرکەوتوویی کۆتاییان بە خولی ڕاهێنانی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE)” لە چیک هێنا
ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٢/٦)، چالاکییەکانی خولی ڕاهێنانی تایبەت بە “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE)” کە لە ناوەندی (ئەلومۆک) لە زانکۆی پالاچکی (Palacký University) لە شاری ئۆلۆموتس لە کۆماری چیک بەڕێوەچوو، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. دواڕۆژی خولەکە چەندین بڕگەی گرنگی زانستی و کارگێڕی لەخۆگرت و، لە کۆتایشدا بڕوانامەى بەشداریکردن پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لە دەسپێکی بەرنامەی کۆتا ڕۆژى خولەکەدا، دانیشتنێکی کراوە بۆ گفتوگۆ لەنێوان ڕاهێنەری خولەکە و بەشداربووان بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا، پێداچوونەوەی ورد بۆ تەوەرە سەرەکییەکان و ئامانجە زانستییەکانی خولەکە کرا و، تیایدا جەخت لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی بنەماکانی تەندروستی و سەلامەتی لە ژینگەی کاردا کرایەوە و، ڕاهێنەرانیش بە شێوەیەکی پیشەیی وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشداربووانی دایەوە، ئەمەش بووە مایەی بەهێزکردنی ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی بەشداربووان بۆ ستانداردە جیهانییەکانی HSE.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، پرۆسەی وەرگرتنی فیدباک (Feedback) و هەڵسەنگاندنی خولەکە ئەنجامدرا. بەشداربووان ڕەزامەندی و دەستخۆشی خۆیان بۆ ناوەڕۆکی زانستی، ئاستی ڕێکخستنی وانەکان و شێوازی وانەوتنەوە دەربڕی. زۆربەی ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە کرد کە خولەکە بە تەواوی گونجاو بووە لەگەڵ پێداویستییە پیشەییەکانیان لە شوێنی کاردا. هەروەها چەندین پێشنیارزی بنیاتنەریان بۆ باشترکردنی خولەکانی داهاتوو پێشکەش کرد و، لەلایەن لیژنەی ڕێکخەرەوە تۆمارکران.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن (Certificate) بە شێوەیەکی فەرمی بەسەر فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرو ئەو بەشداربووانە کرا، کە بە سەرکەوتوویی مەرجەکانی خولەکەیان پڕکردبووەوە. ئەم بڕوانامانە وەک دانپێدانانێکی فەرمی بە شارەزایی و توانای بەشداربووان لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی تەندروستی و سەلامەتی لە دامەزراوەکانیاندا هەژمار دەکرێت.
مەراسیمەکە بە دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ بەشداربووان و لایەنی ڕێکخەر و ستافی ڕاهێنان کۆتایی هات، بە هیوای ئەوەی ئەنجامی ئەم خولە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پاراستنی ژینگەی کار و سەلامەتی کارمەندان هەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی خولی زانستیی “تەندروستی و سەلامەتیی ژینگەیی دەستی پێکرد، لەو خولەدا، هەر چوار فێرخوازى زانکۆی جیهان-هەولێر کە پێکهاتوون لە (هاجر محەمەد عەلی و محەمەد نەریمان سەلمان) لە بەشی چارەسەری سروشتی، (مروان عارەب عومەر) لە بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لەگەڵ (عەلی ماهر داود) لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بەشێوەیەکى چالاک بەشدارییان کرد.





