فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ئەکادیمیایی شارقە بۆ بۆشایی ئاسمان و فەلەکناسى دەکەن
ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٥) چالاکیەکانى خولى شەشەمینى پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ ئامادەکردنی سەرکردەکانی گەنجانی عەرەب لە شارقە درێژەى بەکارەکانیدا و، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش بەشدارییەکى کارایی چالاکیەکانیان کرد، هاوکات سەردانى ئەکادیمیایی شارقە بۆ بۆشایی ئاسمان و فەلەکناسیان کرد.
هەریەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تبارك حسين علي فێرخوازى بەشی دیزاینی ناوخۆیی و، وطيبة فراس غازي لە بەشی تەکنیکى سڕکردن لە چالاکییەکانی خولى شەشەمینى پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ ئامادەکردنی سەرکردەکانی گەنجانی عەرەب لە شارقە لە سێیەم ڕۆژى چالاکیەکاندا؛ بەشداری چەندین چالاکیی ڕۆشنبیری و ڕاهێنانی جۆراوجۆریان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە دەستپێکدا سەردانێکی زانستیان بۆ ئەکادیمیای شارقە بۆ زانست و تەکنەلۆجیای فەلەکناسی و بۆشایی ئاسمان ناسراو بە (SAASST) ئەنجامدا، لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان زانیارییان لەسەر نوێترین پێشهاتەکانی زانستی بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆجیای فەلەکناسی وەرگرت، لەو چوارچێوەیەدا گەشتە مەیدانییەکە بریتی بوو لە ئاشنابوون بە تاقیگەی توێژینەوەی تایبەتمەند، هاوکات سەردانی پیشانگەی نموونەکانى بۆشایی ئاسمانیان کرد، هەروەها سەنتەری هەستکردن لە دوورەوە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیان بوو، لەوێش دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە بەدواداچوون بۆ نوێترین توێژینەوە و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان بکەن، کە لە توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان و فەلەکناسیدا بەکارهێنراون.
لەلایەکى دیکەوە فێرخوازان زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە ژمارەیەک وۆرک شۆپی کارلێککارانەدا کرد، کە لەلایەن کۆمەڵێک پرۆفیسۆر و پسپۆڕی بوارە جیاوازەکانەوە پێشکەشکرابوون، لەوانە بەردەوامیی، وزەی نوێبووەوە و، زانستە بۆشاییەکان، کە یەکێک بوو لە دیارترین وۆرکشۆپەکان، هاوکات “سەرکردایەتی لە کشتوکاڵی بەردەوام و خۆڕاگری ژینگەیی” ناونیشانى بابەتێک بوو، کە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی ئەلقەبلاوی پێشکەشکرا، کە تیایدا باسى لە ستراتیژییەکانی ژینگەیی بەردەوامى کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکات نموونەى سەرکەوتووی پڕۆژە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر. بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکى دیکە بەناونیشانی “پەرەپێدانی تواناى سەرکردە گەنجەکان لە وزەی نوێبووەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا” کرد، کە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدولغەنی ئەلعولەبی پێشکەشکرا، تیایدا تیشک خستە سەر گرنگی وزەی نوێبووەوە و ڕۆڵی گەنجان لە سەرکردایەتیکردنی قۆناغی گواستنەوە بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامتر، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگ و دەرفەتەکانی ئێستا لەم بوارەدا.
دوای وۆرک شۆپى سێیەم ڕۆژ، کە ئەو دوو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان تێدا کرد، بریتى بوول ە وۆرکشۆپێکی تایبەتمەند بەناونیشانی “سەرکردایەتی و داهێنان لە زانستە بۆشایی و فەلەکناسیەکان لە جیهانی عەرەبیدا”، کە لەلایەن دکتۆر مەشهور و ئەندازیار مەروان لە شارقە بۆ زانست و تەکنەلۆجیای فەلەکناسی و بۆشایی ئاسمان پێشکەشکرا. لە وۆرکشۆپەکەدا باس لە گرنگی داهێنان لە کەرتی بۆشایی ئاسمان کرا، هەروەها ئەو ڕۆڵەی کە گەنجان دەتوانن بیگێڕن لە پەرەپێدانی ئەم بوارەدا ،هەروەها پێداچوونەوەی بە هەندێک پڕۆژەی پێشەنگی بۆشایی ئاسمانی عەرەبی و ئەو ئاڵنگارییانەى کە ڕووبەڕووی توێژەرانی عەرەبی لەم کەرتە دەبێتەوە کرا. دواتریش باسیان لە میکانیزمەکانی پاڵپشتیکردنی توێژینەوەی زانستی و هاندانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە زانستە بۆشاییەکان کرد.
لە کۆتا چالاکیەکانى ڕۆژى سێیەمى کارەکاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى هەسارەخانەیی ناو ئەکادیمیاى شارقە بۆ زانست و تەکنەلۆجیای فەلەکناسی و بۆشایی ئاسمانیان کرد، لەوێ چێژیان لە پێشکەشکردنێکی زانستی پێشکەوتوو وەرگرت سەبارەت بە بۆشایی ئاسمان و گەردوون. نمایشەکە بریتی بوو لە گەڕان بەدوای هەسارەکان و ئەستێرەکان و گەلەئەستێرەکاندا، هەروەها ھاوشێوەکردنی کارلێککارانەی گەشتکردن بۆ بۆشایی ئاسمان و پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە لە گەڕان بەدوای بۆشایی ئاسمان، جگە لەوانەش بابەتێک سەبارەت بە ئەرکەکانی داهاتووی بۆشایی ئاسمان و ڕۆڵی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە لێکۆڵینەوە لە گەردوون و تێگەیشتن لە نهێنییەکانی پێشکەشکرا.