فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە زانکۆى وۆچ لەگەڵ بەڕێوەبەرى پەیمانگەى ئابورى کۆبونەوە
لە پەراوێزى خوێندنەکەیان و، بۆ تاوتوێکردنى چەند بابەتێکى هاوبەش، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆرا تۆماس دۆرۆزینسکی (Tomasz Dorożyński) لە فاکەڵتی ئابووری و کۆمەڵناسی و، بەڕێوەبەرى پەیمانگەى ئابورى لە بەشی ئابووری نێودەوڵەتی (INSTYTUT EKONOMII) کۆبونەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٣/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازان دیار ئەسکندەر سلیم بابەکر و، محمد وریا خضر لە بەشی (زانستى کۆمپیوتەر)، گفتوگۆیان لەسەر چەندین بابەت کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆرا تۆماس دۆرۆزینسکی بەخێرهێانى فێرخوازانى کرد و، خۆشحاڵى خۆى بەئاماەبونى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆکەیان دوپاتکردەوە، پاشان باسى لە سەردانەکەى سەرەتاى ئەمساڵ بۆ هەرێمى کوردستان و بەشداریکردنیان لە پێنجەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، بە کۆنفرانسێکى زانستى گرنگ و سەرکەوتوو وەسفى کرد، وتیشى خۆشحاڵ بووم لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەدا سەردانى چەند شوێن و ناوچەیەکى کوردستانم کرد و، سەرسام بووم بە هەرێمى کوردستان بەتایبەت شارى ئاکرێى جوان، پاشان هانى فێرخوازانیدا سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و پەرە بە توانا و لێهاتویی خۆیان بدەن و سوود لە ئەزمونە جیاوازەکان وەربگرن، هەروەک پاڵپشتى و پشتیوانى خۆشى بۆ فێرخوازان دوپاتکردەوە.
لە بەرانبەردا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆیان بەو دیدارە پیشاندا و، جەختى لەسەر بەردەوامى و بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو زانکۆ کردەوە لە پێناو خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست و سوود وەرگرتن لە ئەزمونى شارەزایی یەکتر.