فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وارشۆ ئاهەنگى نەورۆز و ساڵى نوێى کوردى پیرۆز دەکەن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٣/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ئێستادا لە چوارچێوەى ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەشدا لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) دەخوێنن، بەشداریان لە چالاکیەک کرد، کە بەبۆنەى نەورۆز بۆ نەتەوە جیاوازەکان ڕێکخرابوو.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، شانبەشانی فێرخوازانى کەلتوور و پاشخانی جۆراوجۆر، بەشدارییان لە ئاهەنگێکی پڕ لە خۆشی، مۆسیقای نەریتی و، و شایی و هەڵپەڕکێ کرد و، ڕۆژى نەورۆز و سەری ساڵی کوردییان پیرۆز کرد، فێرخوازان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی نەریتی کوردییەوە، بەشدارییان لە شایی و هەڵپەڕکێ و سەمای گروپیدا کرد و جەژنیان لەگەڵ ئامادەبووانی پێکهاتە جیاوازەکاندا هاوبەش کرد. هەر لە ئاهەنگەکەدا بە گرنگیەوە باس لە نەورۆز وەک هێمای نوێبوونەوە و هیوا و شانازی کەلتووری، پەرەپێدانی پەیوەندی قووڵتری نێوان کەلتوورەکان کرا.
ئەم بۆنەیە بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتووری و، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانى تر بەهێزتر کرد و، جەختیشیان لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە میراتی کەلتووری جۆراوجۆر کردەوە