فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وارشۆ بەشدارى لە ڕۆژی بەخێرهاتنى فێرخوازانى نێودەوڵەتى لە زانکۆى (SGGW) لە وارشۆ
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتى (٤/١٠/٢٠٢٥) زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) چالاکیەکى بە ناوى “ڕۆژی بەخێرهاتن” بۆ فێرخوازانى نێودەوڵەتى بۆ وەرزی زستانەى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٥/٢٠٢٦) ڕێکخست و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش بەشدارى بۆنەکەیان کرد.
لەم کۆرسەى خوێندن زیاتر لە (١٧٠) فێرخواز لە (٥٨) وڵاتى جیاواز ڕویان لە لە زانکۆى زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) کرد و لە بەشە جیاوازەکانى ئەو زانکۆیە دەخوێنن، لە زانکۆى جیهان-هەولێریش هەریەک لە (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى ئێستا لەو زانکۆیەن،
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، دکتۆر مارتا مێندێل (Marta Mendel)، جێگری ڕاگری نێودەوڵەتی لە SGGW، وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی زانکۆ لە پێشخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ فێربوون و گەشەکردنی فێرخوازان. پاشان، باڵیۆزانی هاوپەیمانی (UNIgreean) بە شێوەیەکی تێروتەسەل سوودەکانی ئەندامێتی( SGGW)یان لەم هاوپەیمانییە گرنگەدا شی کردەوە، کە ئەمەش نیشانەی پابەندبوونی زانکۆیە بە پێشخستنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بواری ئەکادیمیدا.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا کەلتووری نەریتە پۆڵەندییەکان لەلایەن تۆڕی فێرخوازانى ئیراسموس پڵەس نمایش کرا، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بە فێرخوازانى نێودەوڵەتى و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخشی بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دەوڵەمەندیی کەلتووری پۆڵەندا. هەروەها، بۆ زیاتر هاندانی کارلێککردن و فێربوون، پرسیار و وەڵامێکی کارلێککارانە و وانەیەکی کورتی زمانی پۆڵەندی لەلایەن سەنتەری زمانەوە پێشکەشى فێرخوازانى ئامادەبوو کرا، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ شکاندنی بەربەستە زمانەوانییە سەرەتاییەکان و ئاسانکاریی توانای خۆگونجاندنی فێرخوازانى نێودەوڵەتى.
لە کۆتایی بۆنەکەدا، کارگێڕی زانکۆی (SGGW) لە وتەیەکیاندا هیوای سەرکەوتنێکی گەورە و مانەوەیەکی پڕ دەستکەوتی بۆ سەرجەم فێرخوازان نوێیەکان خواست، بە ئومێدی ئەوەی ماوەی خوێندنیان لە پۆڵەندا پڕ بێت لە ئەزموونی ناوازە و دەرفەتی گەشەکردن.