فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا باس لە ئەزمونى کوردستان دەکەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هەریەک لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) چالاکى هەمەجۆر بەڕێوەدەبەن و، کۆرسى خوێندنەکەشیان نزیک بۆتەوە لە کۆتایی.
لەو چوارچێوەیەدا لعليا سمهر رافع فێرخواز لە بەشى (کارگێڕى کار)، کە ئێستا لە زانکۆى وۆچ لە پۆڵندایە، بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر ڕاجیش پاهورکار (Rajesh Pahurkar) چالاکیەکى زانستى ئەنجامدا، چالاکیەکە تایبەت بوو بەشداریکردن لە خولێکى بەبازاڕکردنی خزمەتگوزاری، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستاى سەرپەرشتیار هەر فێرخوازێکى ڕاسپاردبوو کۆمپانیایەک لە وڵاتی خۆیانەوە هەڵبژێرن بۆ ئاڵوگۆڕی و بەرزکردنەوەی زانیاری، ئەوەیش نەخۆشخانەی ئەلسەلام لە عێراقى هەڵبژارد و، بە شێوەیەکى چڕ بەشدارى لە چالاکیەکەدا کرد.
لەلایەکى دیکەوە هەریەک لە زهرە فاضل عثمان و سارا قەهار ئەحمەد، بابەتێکى کۆمەڵایەتیان لەسەر کوردستان پێشکەش کرد، بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان بەوردى باسیان لە کاروبارى ژیانى کۆمەڵایەتى کوردستان کرد و، تیایدا تیشکیان خستە سەر سروشتی میواندۆستی خەڵکى کوردستان بەرانبەر بە خەڵکى بیانی، هەروەک باسیان لە هەمەچەشنى کەلتورى و پێکەوەژیان لە کوردستان بۆ فێرخوازانى نێودەوڵەتى کرد، لایەنێکى دیکەى بابەتەکەیان تەرخانکرد بۆ ئەزمونى بوژانەوەى کوردستان و کاروبارى بازرگانى و ئاوەدانى و، ژینگەی پشتیوانی بۆ خاوەنکارە نێودەوڵەتییەکان کرد.