فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە زانکۆی پالاچکی لە کۆماری چیک دەستیان بە چالاکییەکانی خولی زانستیی (HSE) کرد
دواى گەیشتنیان بە وڵاتەکە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی خولی زانستیی “تەندروستی و سەلامەتیی ژینگەیی (HSE)” لە زانکۆی پالاچکی (Palacký University) لە شاری ئۆلۆموتس لە کۆماری چیک دەستی پێکرد.
لەو خولەدا، هەر چوار فێرخوازى زانکۆی جیهان-هەولێر کە پێکهاتوون لە (هاجر محەمەد عەلی و محەمەد نەریمان سەلمان) لە بەشی چارەسەری سروشتی، (مروان عارەب عومەر) لە بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لەگەڵ (عەلی ماهر داود) لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بەشێوەیەکى چالاک بەشدارییان لە خولەکەدا کرد، بابەتەکانی ڕۆژی یەکەم لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ و شارەزا پێشکەش کران، کە پێکهاتبوون لە: دکتۆر پاوڵ سپیرۆڤ (Dr. Pavel Spirov) (مامۆستا لە بواری تەندروستی و سەلامەتی)، دکتۆر دانیال شیمیتشیک (Dr. Daniel Šimiček) (پسپۆڕی دەستنیشانکردنی مەترسییەکان و هەڵسەنگاندنی ڕیسک) و، دکتۆر ڕێبەر مەحمود (مامۆستا لە بواری پیسبوونی ژینگە و کۆنترۆڵکردن).
لەو چوارچێوەیەدا، شارەزایان و پسپۆڕان بەشێوەیەکى زانستى باسیان لە بنەماکانی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی، جۆرەکانی مەترسی و میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی ڕیسک، نیشانەکانی سەلامەتی، بەکارهێنانی کەرەستەکانی خۆپارێزیی کەسی (PPE)، ڕێکارەکانی فریاگوزاریی کتوپڕ و، چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی ژینگە و سنووردارکردنی مەترسییەکانی کرد.
چالاکییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە کارلێکێکی ئەرێنی و کارای فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو و، گفتوگۆیان لەبارەى ستانداردە جیهانییەکانی بواری تەندروستی و سەلامەتی لەگەڵ پسپۆڕانى بوارەکە کرد.







