فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا هەنگاو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان دەنێن
بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی خوێندن بۆ فێرخوازان، شاندێکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە لە (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى دیدارێکى گرنگیان ئەنجامدا.
لەمیانەى ئەو دیدارەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٩/١٠/٢٠٢٥)، لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر ئینجینێر کاتاژینا شویدەر (Katarzyna Świąder)، هەماهەنگیکاری پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕی فێرخوازانى نێودەوڵەتی لە لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکى چڕوپڕ لەبارەی پتەوکردنى پرۆژەى هاوبەشی نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى (SGGW) کرا، بەتایبەت لە بوارى فراوانکردنی دەرفەتەکانی خوێندنی باڵا بۆ ماستەر و دکتۆرا.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازانى بەکالۆریۆس کرا، بەتایبەت ڕەوانەکردنى فێرخوازانى زانکۆى(SGGW) بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک هەنگاوێکى تەواوکەر بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئاڵوگۆڕی کەلتووری و ئەکادیمی، بۆ ئەوەش کاتاژینا شویدەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە ئەزموونی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەوپێیەی تا ئێستا چەندین گروپ لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتوونەتە زانکۆى(SGGW) و، هەموویان لە هەموو ڕوویەکەوە ئاستێکی بەرزیان نیشانداوە، هەروەها سەرسامی خۆی بە زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕی و هیوای خواست بەمنزیکانە سەردانی کوردستان بکات.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى ئەو پێشوازى و دیدارەیان کرد و، جەختیان لە گرنگى پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان کردەوە بۆ فراوانکردنى دیدگەى فێرخوازان، وتیشیان بوونى ئێمە لە زانکۆى (SGGW) بەڕوونی پابەندبوونی زانکۆی جیهان-هەولێر بە دابینکردنی باشترین دەرفەتە ئەکادیمییەکان و بەستنی پەیوەندی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ فێرخوازانی دوپات دەکاتەوە.






