فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر ناوچەى کازمیێرز دۆلنی (Kazimierz Dolny) لە پۆڵندا بەسەر دەکەنەوە
لە بەردەوامى چالاکیە جۆراوجۆرەکانیان و بۆ ئاشنابوون بە ژینگەی کۆمەڵایەتى و ناوچە شوێنەوارى و کەلتورییەکان؛ فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر، لە پەراوێزى خوێندنەکەیان لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)، سەردانی ناوچەى کازمیێرز دۆلنی (Kazimierz Dolny) مێژوییان لە پۆڵندا کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پێکهاتبوون لە مەیس لۆی قاسم لە بەشى (شیکارى کیمیایی پزیشکى) و، هەریەک لە مینا حسین کەریم، ڤینێ خەلیل میرزا و منی صاڵح سلیمان لە بەشى (بایۆمیدیکاڵ) سەردانى شارۆچکەى کازمیێرز دۆلنی (Kazimierz Dolny)یان کرد، کە شارۆچکەیەکی مێژووییە و بە میراتی هونەری و دیمەنە وێنەییەکانی ناوبانگی دەرکردووە، فێرخوازان لە میانەى گەشتەکەیاندا ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە ئاشناى کەلتووری دەوڵەمەند و مێژوویی شارۆچکەکە بن.
کازمیێرز دۆلنی دەکەوێتە سەر ڕووباری ڤیستولا (Vistula)، بە تەلارسازی دڵڕفێن و گەلەرییە هونەریەکانی و دیمەنی کەلتووری زیندوو ناسراوە. شارۆچکەکە لە مێژە ناوەندێکە بۆ هونەرمەندان و گەشتیاران، تێکەڵەیەکە لە شوێنەوارە مێژووییەکان و هونەرى مۆدێرن، هەربۆیە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى شارۆچکەکەدا بەدواداچوونیان بۆ شوێنە سەرنجڕاکێشە بەناوبانگەکانی کرد بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە میراتی تەلارسازی و نەریتە هونەریەکانی پۆڵەندا.