فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوە (ڕیسایکلینگ) و، پەرەپێدانی بەردەوام بەڕێوەدەبەن
فێرخوازانى بەشی تەکنیکی وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیان بەڕێوەبرد، لەو هەڵمەتەدا فێرخوازان هەوڵى بڵاوکردنەوەی کەلتووری دووبارە بەکارهێنانەوە (ڕیسایکلینگ) و گرنگییەکەی لە پاراستنی ژینگە و بەهێزکردنی پەرەپێدانى بەردەوام لە کۆمەڵگەدا.
هەڵمەتەکە، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر عومەر عادل سەرۆکى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەڕێوەچوو؛ پێک هاتبوو لە دیزاینکردن و چاپکردنی بروشوری هۆشیارکەرەوە ،کە تێیدا سوودە ژینگەیی و ئابوورییەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە ڕوونکرابووەوە، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان سەردانى چەند شوێنێکى جیاوازیان لە نێو سەنتەرى شاری هەولێر کرد و پرۆشەرەکانیان بەسەر هاوڵاتیان و ڕێبواران و دوکانداراندا دابەش کرد. هەڵمەتەکەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پشتگیریی ڕاستەوخۆی کۆمپانیای “ئاسیاسێڵ” لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە بەهێزکردنی کاریگەرییەکەی و گەیشتن بە چینێکی فراوان لە کۆمەڵگە. جگە لەوەش هەڵمەتەکە بۆ هاندانى هاوڵاتیان داشکاندنی تایبەتی پێشکەش بەو کەسانە کرا کە پرۆشەرەکانیان وەرگرت و ،کارلێکی ئەرێنیان لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەدا کرد.
هاوڵاتیان و دوکانداران و ڕێبواران لە سەنتەرى شارى هەولێر بە گرنگیەوە پێشوازییان لە هەڵمەتەکە کرد، لە پێناو پاراستن و پاکڕاگرتنى ژینگە و، پەرەپێدانى ژینگەى بەردەوام لە هەرێمى کوردستان.