فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر وەک توێژەر بەشدارى لە شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بایۆتەکنەلۆجیا لە بەغداد دەکەن.
لە ڕۆژانى (٢٠ و ٢١/ ٤/٢٠٢٥) شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیمانگەی جینات و بایۆتەکنەلۆژیا لە شارى بەغداد بەڕێوەچوو، تیایدا گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن بەشدارییەکى کاراى کۆنفرانسەکەیان کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە بە دروشمى “بایۆتەکنەلۆژیا بۆ پەرەپێدانى بەردەوام” لەلایەن زانکۆی بەغداد بە هاوکاری زانکۆی ئەلفەراهیدی لە بەغدای پایتەخت ڕێکخرابوو، فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى هەریەک لە بەشەکانى بایۆمیدیکاڵ و نیوتریشن و دایەتێتیکس بە توێژینەوەى زانستى بەشداریان کرد و، لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەشدا ناوەڕۆکى کۆنفرانسەکەیان پێشکەشکرد، توێژینەوەکەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تایبەت بوو بە توانای چارەسەری پێکهاتە سروشتییەکان لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی خوێن بە بەکارهێنانی مۆدێلێکی تاقیکاریی لە مشکدا. توێژینەوەکە هەڵسەنگاندنى بۆ گۆڕانکارییەکان لە پارامێتەرەکانی خوێن و ئەناتۆمی مۆخی ئێسکدا کردبوو، ئەمەش تێڕوانینێکی زانستی گرنگی لەبارەی ستراتیژییە جێگرەوەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی خوێن دابینکردووە.
لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک زانا و توێژەر و ئەکادیمیست لە سەرانسەری عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەشداریان کرد، هەربۆیە بووە سەکۆیەکی زانستی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی بوارەکانی جینات، بایۆتەکنەلۆجی، زانستە پزیشکییەکان، ئەوەش بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازان بۆ ئاشنابوون بە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کۆنفرانس و دروستکردنى پەیوەندى زانستى لەگەڵ هاوپسپۆڕییەکانیان.