فێرخوازانى شیکاریی کیمیایی پزیشکی سەردانی کارگەیەکی پاککەرەوە دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٨/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی مەیدانییان بۆ کۆمپانیای سویس ڕۆز ئەنجامدا، کە گەورەترین کارگەی پاککەرەوەیە لەسەر ئاستی عێراق.
لە میانەى سەردانەکەیادا، کە بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆرى یاریدەدەر محەمەد وەلید بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن دکتۆر مجتبى جەعفەرى بەڕێوەبەرى کارگەکە پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوونکردنەوەیەکی گشتی سەبارەت بە گرنگی کارگەکە و ڕۆڵی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی خستەڕوو. پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ ئەوەى بەشەکانى کارگەکە بەسەربکەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان هێڵەکانی بەرهەمهێنان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە چۆنیەتى بەرهەمهێنانى بەرهەمەکانى پاککەرەوەکان بوون. هاوکات سەردانی بەشی کەرەستەی خاویان کرد و، زانیارى پێویستیان لەبارەى چۆنیەتی هەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی کەرەستەی خاو پێدرا پێش ئەوەی لە بواری بەرهەمهێناندا بەکاری بهێنن.
فێرخوازان هەر لە میانەى گەشتەکە مەیدانیەکەیاندا لەناو کارگەکە بەشی کەرەستەی خاویان بەسەرکردەوە و، دواتریش سەردانی تاقیگەی کۆنترۆڵکردنی کوالیتییان کرد بۆ بەدواداچوون بۆ پێوانەکردنی pH و چەسپاوی و چڕی. هەروەها سەردانی بەشی پاککردنەوەی ئاویان کرد و فێری تەکنیکەکانی پاڵاوتن و کلۆرکردن و بێ ئایۆن بوون.