فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى هەرەیەک لە بەشەکانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بایۆمیدیکاڵ بە پۆشینی بەرگی سپی (المعطف الابيض) کاروانى پیشەییان دەستپێکرد
ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٤/١٢/٢٠٢٤) فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى هەریەک لە بەشەکانی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریان لە مەراسیمێکى تایبەت بە بە پۆشینى بەرگى سپى (المعطف الابيض -White Coat ) کرد.
لەو مەرسیمەدا، کە بە هاوبەشی نەخۆشخانەی پاکی لە شاری هەولێر، لە هۆڵی کۆنفڕانسی نەخۆشخانەکە بەڕێوەچوو، سەرۆکى هەریەک لە بەشە زانستیەکانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایانى بەشەکە و خێزان و کەسوکارى فێرخوازان و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکە ئامادەیبوون، سەرەتا دکتۆر سەلیم سەعید زەنگەنە سەرۆکی ئەنجومەنى کارگێڕى نەخۆشخانەی پاکی بە گەرمی بەخێرهاتنی فێرخوازان و میوانانى کرد، پاشان بەگرنگیەوە باسى لە پیشەی هەریەک لە مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بایۆمیدیکاڵ لە بوارى پزیشکى و چاودێڕى تەندروستى کردە بە پیشەییەکى گرنگى وەسف کرد، بۆ ئەوەش دواى پیرۆزبایکردن لە فێرخوازان هیواى سەرکەوتنى لە خوێندن و کارى پیشەیى بۆ خواستن، پاشان دکتۆر سەلیم سەعید زەنگەنە بەرگى سپى (المعطف الابيض -White Coat ) لەبەر هەریەک لە فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى بەشەکانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بایۆمیدیکاڵ کرد.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، کە تەرخانکرابوو بۆ (سوێندخواردن)ى پیشەیی، لەلایەن پێشکەشکرا، دکتۆر چرا نوری عەبدوڵڵا سوێندەکە خوێندرایەوە و، فێرخوازانیش بەوتنەوەى سوێندەکە بەکۆمەڵ پابەندبوونی خۆیان بە بەها و بەرپرسیارێتی پیشەکانیان دوپاتکردەوە، هەروەک جەخت لەسەر گرنگی کارى خۆبەخشی و ئاکارى پیشەیی لە چوارچێوەی بواری پزیشکی و چاودێرى تەندروستى کردەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی ستافى زانستى هەریەک لە بەشەکانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و بایۆمیدیکاڵ سوپاس و پێزانینى بەشەکانیان و زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بە دکتۆر سەلیم سەعید زەنگەنە کرد بۆ کارئاسانیکردن بۆ ڕێکخستنى ئەو مەراسیمە و ئاشنابوونى فێرخوازان بە ژینگەی پیشەیی و پاڵپشتیەکانى بۆ سەرکەوتنى فێرخوازان لە بوارى خوێندن و کارى پیشەییان.
پۆشینى بەرگى سپى (المعطف الابيض -White Coat ) بۆنەیەکى تایبەتە، کە ساڵانە لە بەشە زانستیەکانى بوارى تەندروستى و پزیشکى بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکە ڕێکدەخرێت، ئەوەش هێمای پاکوخاوێنی و دەسەڵات و متمانەیە و، ئاماژەیەکە بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە دیسپیلن و پابەندییەکانى بوارى پزیشکى و چاودێری تەندروستی، هەروەک هێمای خۆبەخشییە بۆ چاودێریکردنی نەخۆش، توێژینەوەى زانستی و یەکپارچەیی لە بەدواداچوونی زانین و فێربونى بوارى پزیشکى و تەندروستى.