فێرخوازانى پەروەردەیی گشتى لە ئامادەیی شارستانی کچان باسیان لە ڕۆڵى خوێندن و پێگەى کچان کرد
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٥/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی، سیمینارێکی هۆشیاریی پەروەردەییان بۆ فێرخوازانی ئامادەیی “شارستانی” کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست. سیمینارەکە جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکیی خوێندن لە داڕشتنی پاشەڕۆژی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتییان کردەوە.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دەشنی عەبدوڵا سەعید) بەڕێوەچوو. سەرەتا فێرخوازان لەلایەن (ڕوناک یەعقوب حوسێن) بەڕێوەبەری قوتابخانە و خاتوو (عەتیە) یاریدەدەر، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە پەروەردەییە کرا.
لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخوازان بابەتێکی وردیان دەربارەی تەوەرەکانی تواناسازی و بونیادنانی خود پێشکەش کرد. تێیدا ئاماژە بەوە کرا کە دەستکەوتی زانستی تەنها ڕێڕەوێکی فێربوون نییە، بەڵکو “بزوێنەرێکی ستراتیژییە” بۆ بونیادنانی متمانە بەخۆبوون و پەرەپێدانی هۆشیاریی کەسی. قسەکەران جەختیان کردەوە کە خوێندن باشترین ئامرازە بۆ دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکان و ئاڕاستەکردنیان بەرەو کاروانی پیشەیی دروست. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە وەبەرهێنان لە خوێندنی کچاندا کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
جگە لە لایەنی تیۆری، فێرخوازان چەندین نموونەی سەرکەوتووی ئەو ژنانەیان خستە ڕوو کە لە بوارە جیاوازەکاندا دەستکەوتی ناوازەیان هەبووە، ئەمەش بووە مایەی هاندانی فێرخوازانی ئامادەییەکە تاوەکو بە دیدگایەکی گەشبینانە و وەک ئامرازێک بۆ سەرکردایەتی و گۆڕانکاری سەیری پاشەڕۆژی خوێندنیان بکەن.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، دانیشتنێکی کراوە بۆ گفتوگۆ بەڕێوەچوو کە تێیدا قوتابیانى قوتابخانەکە پرسیارەکانیان دەربارەی تەحەددییەکانی خوێندن و چۆنیەتی دیاریکردنی ئامانجەکانیان ئاراستە کرد. لە کۆتاییدا، شاندی فێرخوازان دیارییەکی سیمبولییان بەناوی سەرۆکایەتی بەشی پەروەردەی گشتی پێشکەش بە بەڕێوەبەری ئامادەییەکە کرد، ئەویش لای خۆیەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستە کردن بۆ هەوڵە هۆشیارییەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا.







