فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى خۆپارێزى جەستەیی
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (29ی 1ی 2025)، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی ئامادەیی هەڵاڵە کچان-یان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن مامۆستا ئاڤێستا محمد عبدالرحیم پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
پاشان لە میانەى پێشکەشکردنى سمنیارێکى کارلێککارانە کە لە هۆڵى قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى ڕێنمایی پراکتیکیان لەسەر دۆخی دانیشتنی تەندروست، پێویستی پشوودانی جووڵە و، شێوازەکانى هەستان و ڕۆیشتن پێشکەش بە قوتابیان کرد، هەروەک کۆمەڵێک ڕێنمایی تەندروستی جەستەیی دیکەیان بەتایبەت لە کاتى خوێندن و نوسین پێشکەش بە قوتابیان کرد، داواشیان لە قوتابیان کرد بایەخى زۆر بەجەستەیان بدەن تا هەمیشە خاوەن جەستەیەکى چالاک و باش و تەندروست بن.
سمینارەکە بووە مایەى ستافى کارگێڕى و قوتابیانى قوتابخانەکە، هیواشیان خواست گرنگى زیاتر بە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى جەستەیی و چۆنیەتى پاراستنى تەندروستى گشتى بدەن، بەتایبەت بۆ قوتابیانى قوتابخانەکان کە لەسەرەتاى قۆناغەکانى تەمنیاندان.