فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى لایەنە جیاکانى دۆخی جەستەیی لە کاتی خۆیندن بۆ قوتابیانى قوتابخانەیەک شى دەکەنەوە
لەبەر ڕۆشنایی ئەو زنجیرە چالاکیانەى، کە سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى زانکۆى جیهان-هەولێر لەبارەى هۆشیارى جەستەیی بەڕێوەى دەبات، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٤/١١/٢٥) بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر نورا نصرالدین شریف گروپێک لە فێرخوازان سەردانی قوتابخانەی (تەلار ستی بنەڕەتی)یان لەشارى هەولێر کرد.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا میدیا صالح پێشوازیان لێکرا، ئینجا لە هۆڵى قوتابخانەکە بابەتێکیان بەناونیشانى (دۆخی جەستەیی بۆ قوتابیان لە کاتی خۆیندن ) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیاندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى پراکتیکى شیکردنەوەى جیاوازیان لەبارەى دۆخى جەستەیی مرۆڤ و شێوازى دانیشتن و هەڵسوکەوتە جیاوازەکانى قوتابى لە ناو پۆل و لە شوێنە جیاواوەکان پێشکەش بە قوتابیان کرد، هاوکات فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگارى و ڕێنوێنى زانستیان پێشکەش بە قوتابیان کرد، تا ببنە خاوەن جەستەیەکى تەندروست و بەدوور بن لە هەر جۆرە نەخۆشى و زیانێک لە داهاتودا.
هەر لە میانەى بەڕێوەچونى چالاکیەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵامى پرسیارەکانى قوتابیان دایەوە، لە کۆتایدا لەلایەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاس و دەستخۆشى لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا بۆ پێشکەشکردنى بابەتەکە و هۆشیارکردنەوەى قوتابیان تا جەستەیان هەمیشە پارێزراو بێ.