فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى لە ماڵى بەساڵاچوان؛ پشکنینى جەستەییان بۆ بەساڵاچوان ئەنجامدا
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (26/ 1/ 2025)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی چارەسەری سروشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محمد توکر و مامۆستاى یاریدەدەر ئەسما گوڵامیزە. سەردانی ماڵى بەساڵاچوانیان لە شارى هەولێر و، لەلایەن سەنگەر جەمال بەڕێوەبەری ماڵى بەساڵاچووانو ژمارەیەک لە کارمەندانی ماڵەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان پشکنینی پێشکەوتوویان بۆ شیکردنەوەی جوڵەی جەستەى کەسانی بەساڵاچوو ئەنجامدا، بەتایبەت هەڵسەنگاندنی لاوازی ماسولکەکان و ناهاوسەنگی لەش، کە لە هۆکارە سەرەکییەکانن مەترسی کەوتن و برینداربوونن لەم گروپە تەمەنییەدا. هەروەها پشکنینی جومگەکانیان بۆ بەساڵاچوان ئەنجامدا، لەگەڵ هەندێک ڕاهێنانی چارەسەری، هاوکات پێشنیار و ئامۆژگارییان پێشکەش بە کەسانی بەساڵاچوو کرد سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی تەندروستی خۆیان و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە جومەگە و جەستەیان، لە بەرانبەر ئەو سەردان و ئەنجامدانى چالاکیە پزیشکیەدا،.بەڕێوبەری خانەی بەساڵاچووان سوپاسى مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازانیان کرد.
ئەم سەردانە لە ڕوانگەی زانستی و کۆمەڵایەتییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی هۆشیاری و گرنگیدان بە تەندروستی بەساڵاچووان یەکێک لە کارە گرنگەکانى جوانى هەر کۆمەڵگەیەک، جگە لەوەش سەردانەکە لە ڕووى زانستیەوە بووە دەرفەتێک بۆ کارلێکی نێوان فێرخوازان و ژینگەی پراکتیکی ڕاستەقینە لەگەڵ کەسانێک کە دوچارى کێشەى جەستەیی زۆر دەبن.