فێرخوازانى ژمێریارى لە کۆمپانیایەکى بازرگانی دەرمان و ئامێری پزیشکی ئاشناى لایەنى کارگێڕى و بازرگانى دەکرێن
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (10/19/2022)، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێكی زانستی بۆ كۆمپانیای (LUX-Line) بۆ بازرگانی دەرمان و ئامێری پزیشكی لە شاری هەولێر رێكخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستا هاشم محمد خەیر سافی بەڕێوەوو، فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لەلایەن عەمار عەلی جەلال بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە پێشوازیان لێکرا و بەخێرهێنانیان کرا، پاشان كورتەیەكی لەبارەی بەشەكانی كۆمپانیاكەیان خستەڕوو، لەگەڵ ئاماژەکردن بەشێوازی كاركردنی كۆمپانیاكەیان و ئەو ڕێكارانەی لە هاوردەكردن و پرۆسەی هەڵگرتن پەیڕەوى دەکەن.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، لەگەڵ بەڕێوەبەری فرۆشتن گفتوگۆیان لەبارەى ئەو مارکەى دەرمان و پێداویستییە پزیشکیانە کرد، کە کۆمپانیاکە کار لەسەر دابەشکردن دەکات، لەگەڵ ئەو ڕێگە و میکانزمانەی کە بۆ کارى دابەشکردن بەکارى دەهێنن.
بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکەش چۆنیەتی تۆمارکردنی ئەو کەلوپەلانەى دەیکڕن و هاوردەیان دەکەن، لەگەڵ چۆنیەتی دابەشکردنى کارەکانى ژمێریاری کۆمپانیاکە بەشێکى دیکەى سەردانە زانستیەکە بوو، بۆ ئەوەش بەوردى تیشکى خستە سەر کارى تۆمارکردنی ژمێریاری فرۆشتن و شێوازەکانی ژمێریارى و تۆمارکردنی ڕێژەی فرۆشیاران و خەرجییەکانی کۆمپانیاکان، لەگەڵ دەسکەوت و زیانەکان بۆ هەر دەرمان و ئامێر و پێداویستیەکانى پزیشکى لە کۆمپانیاکەیان.
لە کۆتا وێستگەى سەردانە زانستییەکەیاندا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى کەلوپەل و دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکانى کۆمپانیاکە بوون، هەروەک دەرفەت بەفێرخوازانیش درا گفتوگۆى زیاتر دەربارەی بەرهەمە پزیشکییەکان و تایبەتمەندییەکانیان، و ستراتیژییەکانی بانگەشەکردن کە بۆ هەریەکەیان و جیاوازییەکانیان لەگەڵ بەرهەمەکانی دیکە لە کەرتە جیاوازەکان لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارە جیاوازەکانى کۆمپانیایەکە بکەن.