فێرخوازانى کارگێڕى کار سەردانى کۆمپانیای بناغە دەکەن
ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى (2025-4-24) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ کارگەی بناغە لە ناوچەی پیشەسازی شاری هەولێر ئەنجامدا، کە کارگەکە تایبەت بوو بە دروست کردنی (B.R.C)، سەردانەکە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن چێوار حمە جەزا بەرێوەبەری فرۆشتن و گەردون فتاح حمە کارمەندی بەشی بەرێوەبردن بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.
لە میانەی سەردانەکەیاندا؛ چێوار حمە جەزا ، بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیاکە، کورتەیەکى گشتی لەبارەی ڕەوتی کارەکانی ناو کارگەکەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، روونیکردەوە کۆمپانیای بناغە یەکەم کۆمپانیای دروست کردنی (B.R.C)ە لە عێراق و لە شاری هەولێر دامەزراوە و، سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی یاقوبە و لە ساڵی 2007 دەستی بە کارەکانی کردوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا چێوار حمە جەزا بە گرنگیەوە باسی لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کریار و فرۆشیار کرد، پاشان باسی لە بەکارهێنای سیستمی ژمێریاری کۆمپانیاکە کرد، کە سیستمی (odoo) بەکاردەهێنن، ڕونیشیکردەوە ئەم سیستمە سیستمێکی بەریتانیە و ئۆنلاینە، ئاشکراشیکرد سیستمێکە وردەکاری زۆری تیایە وەک لە لایەنی ژمێریاری قازانج و زیان…هتد، بۆیە ژمێریار پێویستە تەنها ریکۆردی داهات و خەرجیەکان بکات.
پاشان گەردون فتاح حمە کە کارمەندی بەرێوەبردنی کۆمپانیاکە باسی لە هاوردەکردنی کەرستەی خاو کرد بەتایبەت لە باشورى عێراق و ئیران و ئۆکرانیا، دواتریش باسى دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرستەکان کرد و گۆرینی بۆ ئاسن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایشدا بە وردى ئاماژەى بە قۆناغەکانی بەرهەمهێنان و هەنگاو بە هەنگاوى کارەکانى ڕوون کردەوە.