فێرخوازانى کارگێڕى کار لە شارى کەرکوک؛ کارگەیەکى خواردنەوە گازییەکان بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (29-11-2023)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕى کار سەردانێکی مەیدانی بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدى ساڵح بۆ گروپێک لە فێرخوازانى بەشەکە بۆ گروپى کارگەکانى خواردنەوە گازیی و شەربەتى و ئاوى پاکى کارونچی لە کەرکوک ڕێکخست.
بەشی یەکەمی سەردانەکە بریتیى بوو لە پێشکەشکردنى کورتە باسێک بوو لەلایەن سەرپەرشتیارانى کارگەکە کە تیایدا باس لە مێژووی دروستکردنى کۆمپانیاکە کرا، جگە لە پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوەی ورد دەربارەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی و، ئەو هێڵە نوێیانەى کە چاوەڕوان دەکرا لە داهاتوودا زیاد بکرێن، لە بەشێکى دیکەى ڕونکردنەوەکاندا باس لە ستراتیژى بە بازاڕکردنى بەرهەمەکانى خواردنەوە غازییەکان و و شیرەمەنییەکان و خواردنەوە وزە بەخشەکان کرا، هەروەک شێوازى بەڕێوەبردنى کارگەکە بەشێکى دیکەى قسەى سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرانى کارگەکەى بەدواى خۆیدا هێنا.
لە وێستگەى بەدووەمی سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان هەموو هێڵەکانی بەرهەمهێنان و تاقیگەکان و میکانیزمەکانی کارکردنی هەریەکێکیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەوەش فێرخوازان بە خستنەڕوى کۆمەڵێک پرسیار و گفتوگۆ زانیارى زیاتریان لەبارەى کارگەکە بەدەستهێنا.
کۆمپانیای کاروانچی لە ساڵی (۱۹۹۹)ەوە لە کەرکوک دامەزراوە، لەو کاتەوە گەشەکردنێکى زۆرى بەخۆیەوە بینوە، هاوکات کارگەکە بایەخێکى زۆرى بە کواڵیتى بەرهەمهێنان داوە، هەر ئەوەش وایکرد چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕوانامەى ستانداردی نێودەوڵەتی ISO بۆ بەڕێوەبردنی کوالێتی و بەڕێوەبردنی سەلامەتی خۆراک بەدەست بهێنێ، جگە لەوەش خاوەن سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی یەکخراوە.