فێرخوازانى کارگێڕی کار سەردانێکی زانستی بۆ کۆمپانیای فابیا ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (2025-2-17)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای فابیا لە شاری هەولێر ئەنجامدا، سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال بەڕێوەچوو.
فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار سەرەتا بەگەرمى لەلایەن ئیحسان یاسین هەورامی پێشوازییان لێکرا. پاشان پێشەوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ستراتیژی و گەشەپێدانی کار، کورتەیەکى گشتی لە بارەى چالاکییەکانی کۆمپانیاکە خستەڕوو، باسی لەوەش کرد، کە چۆن کەرەستەی خاو لە چین و ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکەن و، دواتر لە کارگەکەیان پرۆسێس دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارتۆن و دواتر بە کۆمپانیاکانی دیکە دەفرۆشرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە شێوەى کارکردن لە کۆمپانیاکە لەسەر بنەمای سیستمی بازرگانی بۆ بازرگانی (B2B) دامەزراوە، هەروەک جەختی لەسەر گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ چەندین لایەنى پاراستن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان کردەوە.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا؛ جگە سەفین ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کۆمپانیایەکە، کورتەیەکى لەبارەی ژێرخانی تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ڕونیکردەوە فابیا سیستمی پلاندانانی کۆمپانیاکانی SAP بەکاردەهێنێت و لەگەڵ سیستمی EFI و BHC یەکدەخات، کە سیستمێکی بەکارهێنراوی بەرفراوانن لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێناندا. لە کۆتایشدا فێرخوازان بەشە جیاوازەکانى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشناى پرۆسەکانى بەرهەمهێنان بوون.