فێرخوازانى کارگێڕی کار لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر کۆدەبنەوە
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٤/١١/٢٠٢٢) سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرە عەلی سەردانێکی مەیدانى بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ ژووری بازرگانی هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەگەڵ (مەلا مەجید السورجی) بەڕێوەبەری گشتی ژووری بازرگانی هەولێر کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا، دواى بەخێرهێنانى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان، بەڕێوەبەری گشتی ژووری بازرگانی هەولێر تیشکى خستەسەر میکانیزمی کارەکانی ژووری بازرگانی هەولێر، پاشان باسى لە ڕوڵ و پێویستی وەبەرهێنانی وزەی گەنجان لە بوارى بازرگانى کرد، بۆ ئەوەش وتى: گرنگە فێرخوازان بەپێى پێداویستیەکانى داهاتوو ئاراستە بکەین و، وەبەرهێنان و پەرەپێدان لە بیرۆکە بازرگانیەکانى گەنجان بکەین، بەتایبەت پڕۆژە بچووکەکانیان کرد، چونکە ئەو پڕۆژانە لە پەرەپێدانی کۆمەڵگاکان لەسەر بنەمای ئابوورییەکی بەهێز سودبەخش دەبێ.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەگەڵ خاتوو ساماڵ محمد مەحمود بەڕێوەبەری بەشی بەشداریکردن و هاوبەشیکردن کۆبونەوە، لەو کۆبونەوەیەشدا بەوردى باسى لە ، میکانیزمی کاری بەشەکەیان لە ژورى بازرگانى هەولێر کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتى ڕایکردنى کاروبارى هاوڵاتیان، کە بۆ مەبەستى جیاواز ڕوو لە ژووری بازرگانی هەولێر دەکەن. دواتریش لەگەڵ بەڕێوەبەرى بەشی ناوى کۆمپانیا بازرگانیەکان دیدارێکیان ئەنجامدا، لە میانەى دیدارەکەدا بەڕێوەبەرى بەشی ناوی کۆمپانیا بازرگانی لە ژووری بازرگانی هەولێر باسى لە چۆنیەتی داواکاریی کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا بەگرنگیەوە باسى لە چۆنیەتى پاراستنى مافى کۆمپانیاکان لە ناوەکانیان و، دوبارەنەکردنەوەى لەلایەن کۆمپانیاکانى دیکە کرد.
سەردان و دیدار و کۆبونەوەى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بەدیدارێک لەگەڵ عومەر محمد خدر ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی هەولێر کۆتایی هات، کە تیایدا باسى لە میکانیزمی کارکردن بەگشتی و کاریگەری پەیوەندییە دەرەکییەکان لەسەر کارى بازرگانیکرد.
ئەم سەردانە مەیدانیە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەردانی زانستی بۆ دەوڵەمەندکردنی زانیاری فێرخوازان بۆ ژینگەى کارکردن لە بوارە جیاوازەکانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر دێ.