فێرخوازانى کارگێڕی کار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشێوەیەکى کردارى ئاشناى کاروبارى ژمێریارى دەکرێن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٥/٣/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی کارگێڕى کار لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە گەشتێکی مەیدانیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێمى کوردستانیان بەسەرکردەوە.
فێرخوازان، کە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (هێڤی محمد قادر) گەشتە مەیدانیەکەیان ئەنجامدا، سەرەتا بە گەرمی لەلایەن (هێمن شوکر مەحمود) بەڕێوەبەری ژمێریاری پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا ڕوونکردنەوەیەکی وردى لەسەر بابەتی ژمێریاری پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، باسی لەوە کرد کە چۆن ڕۆژانە بەپێى هەندێ پرۆگرامى کۆمپیوتەرى ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن، بەتایبەت لە تۆمارکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانە (وەک کڕینی کەلوپەلی نووسین)، لە کاتێکدا هەندێک ئەرکی دیکە هێشتا بەشێوەى دەستى (لە ڕێگەی دەفتەرى ژمێریارییەوە) ئەنجام دەدرێن، دواتریش ئاماژەی بە بەکارهێنانی (KFMS) لە کارەکانی ژمێریاری کرد.
هەر لەم چوارچێوەی سەردانەکەیاندا، خاتوو پەرژین فوئاد، فەرمانبەر لە بەشی ژمێریاری، ڕوونکردنەوەیەکى وردى لەبارەى چۆنیەتى تۆمارکردنى خەرجییەکان و داهاتەکان لە تۆمارى ژمێریارى بۆ فێرخوازان باسکرد، وتیشى هەر هەژمارێک کۆدێکی دیاریکراوی تایبەتى لەسەرە، دواتریش ڕونکردنەوەى لەبارەى سەرچاوەکانی داهاتی وەزارەت پێشکەشکرد، کە بریتین لە باج و ڕسومات.