فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازى سەردانى کۆمپانیایەکى دەرمان دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٩/١٢/٢٠٢٤) ڕاگرایەتى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بۆ کۆمپانیای دەرمانسازی هاوکاری لە شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
ئەو سەردانە زانستیە، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئیبراهیم هاشم بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن هەریەک لە ئازاد جەلیل قادر بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی کۆگا و ئەحمەد ڕەشید خورشید سەرپەرشتیاری کۆگا لە کۆمپانیای دەرمانی هاوکاری پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش سەرەتا کورتەیەکى لەبارەى کۆمپانیاکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ڕونیان کردەوە، کۆمپانیاى هاوکارى لە شارى هەولێر سەر بە گروپی کۆمپانیایەکانى کەوکەبە، ڕونیشیان کردەوە کۆمپانیاکەیان هەڵگری بڕوانامەی کوالیتی نێودەوڵەتی (ISO)یە بە ژمارە ( QMS 9001)یە.
پاشان لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکەدا لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاران تێڕوانینێکی گشتیان لە بارەى میکانیزمەکانی کارکردن لەناو کۆمپانیاکەدا بۆ فێرخوازان خستەڕوو، لەوانەش باسیان لە شێوازە زانستییەکان بۆ هەڵگرتن و گواستنەوە و دابەشکردنی دەرمان بەسەر فرۆشگا و دەرمانخانەکاندا کرد، دواتریش فێرخوازان ئاشناى باشترین شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمانەکان کران، وتیشیان بەهۆى ئەو شێوازانە دەرمانەکان بە بەرزترین کوالیتی و کارایی دەگەنە دەست نەخۆشەکان.
لە کۆتایی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشێوازێکى کردەیی لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاکە لە ژینگەى کارکردن گفتوگۆیان لەبارەى کواڵیتى دەرمان و ژینگەى پێویست بۆ دەرمانى تەندروست و هۆکارەکانى تێکچونى دەرمان کرد.