فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەنتەرێکى دروستکردنى ددان بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و پراکتیکییەکانی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بۆ بەسەرکردنەوەى سەنتەرى (Master Piece ) بۆ پیشەسازی و دروستکردنى ددان ڕێکخست. لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (12/12/2024) بەڕێوەچوو و، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (رنا خەلیل هادی) و، مامۆستای یاریدەدەر (باهۆز هیمداد مەجید) سەرپەرشتی کرا، فێرخوازان ئاشناى پرۆسەکانی دروستکردنی ددان کران.
لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن سەرپەرشتیارانى سەنتەرەکە بەگەرمى پێشوازى کران، ئینجا هاوەڵى کران بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانی سەنتەرەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوونکردنەوەى تەواویان سەبارەت بە میکانیزمەکانی دیزاینکردن و دروستکردنی ددانی دەستکرد پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە، کە لە کارەکانیاندا نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرە دیجیتاڵییەکان بەکاردەهێنن، هاوکات دەرفەت بە فێرخوازان درا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتی جێبەجێکردنی ستانداردە وردەکان لە کوالیتی بەرهەمە پزیشکییەکان بکەن، بەتایبەت ڕۆڵی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە باشترکردنی کارایی و کوالیتی کارکردن لە بوارەکەدا.
لە کۆتایدا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار سوپاسى سەنتەرەکەیان کرد بۆ ەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان، کە بەشداری لە بەرزکردنەوەی ئاستى زانیارییەکانیان لە بواری پراکتیکیدا دەکات و، دەبێتە پاڵپشتیەکى گرنگ بۆ ئەو وانانەى لە پۆلدا فێری دەبن.