فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەنتەرێکى دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و جوانکارى ددان بەسەر دەکەنەوە
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى ڕاگرایەتى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکان ڕێکى دەخات تا لە نزیکەوە ئاشناى ژینگەى کارکردن بن، سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بۆ بەسەرکردنەوەى سەنتەرى (Modern Dental Care) لە شارى هەولێر ڕێکخست.
ئەو سەردانە مەیدانیە، کە ڕۆژی پێنجشەممە، (12/12/2024) بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ساوێن تەحسین طه)و مامۆستای یاریدەدەر (مریەم فاخر ئیبراهیم) بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن سەرپەرشتیارى سەنتەری (Modern Dental Care) بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و جوانکارى ددان پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى سەنتەرەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ئینجا بەشێوەیەکى مەیدانى هاوەڵى مامۆستایان و فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاشناکردنیان بە بەشە جیاکانى سەنتەرەکە، لەو چوارچێوەیەشدا بەشە جیاوازەکانى کلینیکە تایبەتمەندەکان و ئامێری پێشکەوتووی تیشکدانەوەیان بەسەرکردەوە، هاوکات ڕوونکردنەوەی وردیان لەسەر نوێترین شێوازەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانى ددان لە سەنتەرەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە پەراوێزى سەردانەکەدا، فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لەگەڵ ستافی پزیشکی سەنتەرەکەدا کۆمەڵێک کەیسی کلینیکی تاوتوێ بکەن، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە فراوانکردنی ئاستى تێگەیشتنی فێرخوازان لە سروشتی کاری پیشەیی و پراکتیکی، بۆ ئەوەش جەختیان لە گرنگی ئەم ئەزموونانە کردەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەی ئەکادیمییان.