فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە سێیەمین کۆنفرانسى زانستى پزیشکى ددان لە هەولێر دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (٢/١٠/٢٠٢٥) سێیەمین کۆنفرانسی زانستی پزیشکانی ددان لە هۆڵی هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد و، فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کارانى کۆنفرانسەکەیان کرد.
فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر شوان خەیام مەعسوم و مامۆستای یاریدەدەر حەسەن فایز عەبدوڵڵا بەشدارییان کرد، هاوکات ژمارەیەکی دیار لە پزیشکانی ددان و پڕۆفیسۆر و میوانان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ئامادەى کۆنفرانسەکە بوون، لە ڕۆژى یەکەمى چالاکییەکانی کۆنفرانسەکە چەندین توێژینەوەی زانستی بەنرخ لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە پێشکەش کران و، باسیان لە لایەنە جیاوازەکانی نەخۆشییەکانی دەم و ددان دەکرد، هاوکات توێژینەوەکان گرنگییان بە نوێترین شێوازەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن کرد، کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان پەیڕەو دەکرێن، بەمەش تێڕوانینی قووڵ و زانیاریی نوێیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش ئامادەییەکى بەردەوامیان لە پانێلەکان و گفتوگۆکانى کۆنفرانسەکە هەبوو.
هاوکات لە پەراوێزى کۆنفرانسە زانستییەکەدا، پیشانگەیەکی کرایەوە، کە تیایدا نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێر و بەرهەم و پێداویستییە پزیشکییە بەکارهاتووەکان لە بواری پزیشکیی ددانى تیادا نمایش کرابوو، ئەوەش بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت و پزیشکان بەگشتى بۆ ئاگاداربوون لە داهێنانە نوێیەکان و ئاشنابونیان بە نوێترین ئامراز و تەکنیکەکان کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێریی تەندروستی و پەرەپێدانی تواناکانی پزیشکان و شارەزایانی بواری پزیشکی ددان.