فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی سەردانی تاقیگەی (ئێکزۆجینیک) لە نەخۆشخانەی ژینى نێودەوڵەتی دەکەن.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٧/٤/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی کۆلێژى دەرمانسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى دکتۆر شکر وەسمان بە گەشتێکی زانستی تاقیگەی ئێکزۆجینیک لە نەخۆشخانەی ژینى نێودەوڵەتیان بەسەرکردەوە.
فێرخوازان لەگەڵ گەیشتنیان بە تاقیگەی ئێکزۆجینیک، لەلایەن ستافی تاقیگە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ئینجا کورتەیەکیان سەبارەت بە ڕۆڵی تاقیگەکە لەناو نەخۆشخانەکە بۆ فێرخوازان باسکرد، پاشان فێرخوازان ئاشناى گرنگی شیکاری بۆماوەیی بوون لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان و پێشبینیکردنی مەترسی نەخۆشییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ چارەسەرە تاکەکەسییەکان، بۆ ئەوەش هەنگاوە بنەڕەتییەکانی تاقیکردنەوەی بۆماوەیییان بۆ ڕونکرایەوە، کە سەرەتا بە کۆکردنەوەی نمونە (بەزۆری خوێن یان لیک) دەستپێ دەکات، پاشان دەرهێنانی DNA، دواتر گەورەکردنى بە بەکارهێنانی کارلێکی زنجیرەی پۆلیمیراز (PCR)ئینجا ڕێکخستن و لە کۆتاییدا لێکدانەوە و ڕاپۆرتکردنی زانیارییەکان.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشناى ڕەوتی کارکردن بوون لەناو تاقیگەی بۆماوەیی و بە ڕوونی تێگەیشتن کە چۆن نمونەکان لە هەر قۆناغێکدا وەرگیراون و پرۆسێس دەکرێن و بەڵگەیان لەسەر دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە وردبینی و ڕێگریکردن لە پیسبوون، هەر بۆ ئەو مەبەستە بە ڕێکارە ستانداردەکانی کارکردن (SOPs) ئاشنا کران، کە متمانەپێکراوی و دووبارەبوونەوەی تاقیکردنەوەی بۆماوەیی مسۆگەر دەکەن. هەروەها گرنگی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی لە هەموو هەنگاوێکدا جەختی لەسەر کرایەوە.
جگە لەوەش فێرخوازان ئاشناى ئەو ئامێر و کەرەستەی جۆراوجۆرانە کران، کە لە تاقیگەدا بەکاردەهێندرێن، وەک ئامێرەکانى (سایکلەری گەرمی بۆ PCR)، ئامێری ئەلکترۆفۆڕێزی بۆ جیاکردنەوەی DNA، ئامێری دەرهێنانی DNAی ئۆتۆماتیکی، ئامێری ڕێکخستن، و ئامێری سپێکترۆفۆتۆمێتەر بۆ پێوانی چڕیی و پاکی DNA.