فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستیان بۆ نەخۆشخانەی شار ئەنجامدا
ڕۆژى چوارشەممە ڕیکەوتی ٥/٢/٢٠٢٥، ڕاگرایەتى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، گەشتێکى زانستى فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ بەسەرکردنەوەى نەخۆشخانەی شار لە هەولێر ڕێکخست .
گەشتە زانستیەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر نور سامی عومەر بەڕێوەچوو، فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن دکتۆر کاروان خەسرۆ ئەحمەد لە کارگێڕى نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا دابەشى سەر چەند گروپێک کران بۆ ئاشنابوون بە ئامێرەکانی سیتی سکان و تیشکی ئێکس، لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن پزیشک و کارمەندانى پسپۆڕ فێرخوازان ئاشناى ڕێکارەکانی وێنەگرتنی پزیشکی سی تی سکان و تیشکی ئێکس کران. بەتایبەت ئەو تەکنیکانەى وێنەگرتن کە یارمەتیدەرن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی و پلاندانان بۆ چارەسەرکردن، لەوانەش چۆنیەتی کارکردنی ئەم تەکنیکانەی وێنەگرتن.
لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتە زانستیەکەیاندا بۆ نەخۆشخانەى شار ، فێرخوازانى کۆلێژى دەرمانسازى سەردانی دەرمانخانەی نەخۆشخانەکەیان کرد، بۆ تێگەیشتن لە ژینگەى کار و لە پرۆسەی دابەشکردنی دەرمان بۆ نەخۆشەکان و چارەخوازان و، ڕێکارەکانی هەڵگرتنی دەرمانەکان لە شوێنی تایبەتی نەخۆشخانەکە. هاوکات فێرخوازان لە تۆماری نەخۆشەکان، زانیارییان لەسەر دیاریکردنی ژەمە دەرمانەکە بەدەستهێنا، ئەوەش پشت دەبەستێت لەسەر کۆمەڵێک بنەما و هۆکارى وەک کێش، تەمەن و باری کلینیکی نەخۆشەکە.