فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی کۆمپانیا و کارگەی (stronger) دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٤/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی کۆلێژى دەرمانسازی بەسەرپەرشتی دکتۆر مەسعوود ئەمیرى سەردانی کۆمپانیا و کارگەی (stronger)یان لە شارى هەولێر کرد.
لەگەڵ گەیشتنیان بە کۆمپانیا و کارگەی (stronger)، فێرخوازان لەلایەن ستافی کۆمپانیاکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکە، بۆ ئەوەش کارمەندەکانى بەشەکان بە وردی ئەو ئامێرانەیان بۆ فێرخوازان باسکرد، کە لە کۆمپانیاکە بەکارى دەهێنن بەتایبەت لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و شێوازەکانی بەڕێوەبردنیان ڕوونکردەوە. هەروەها فێرخوازانیان بە کەرتی پیشەسازی ئاشنا کرد بەتایبەت لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی جۆراوجۆر، وەک سابونی دروستکراو لە پێکهاتەی کیمیایی و سروشتی بە ڕەنگ و بۆنی جیاواز، ئەوەشیان ڕونکردەوە کە تاقیکردنەوەی بایۆلۆجی و کیمیایی بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری و کوالێتی بۆ سەرجەم بەرهەمەکانى کارگەکە ئەنجام دەدرێت.
دوای ئەوەی فێرخوازان پرسیاریان لە پرۆسەی دروستکردنی سابون کرد، ستافەکە ڕوونکردنەوەیەکی زانستی وردیان پێشکەش کرد ،کە تیایدا باسیان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی زەیت بۆ بەرهەمهێنانی سابون کرد، لەگەڵ چۆنیەتى پێدانى ڕەنگ و بۆنی جیاواز بە بەرهەمەکان، پاشان باسى پرۆسەی هەڵگرتنی دوای بەرهەمهێنان، هەروەها چۆنیەتی دابەشکردنی بەرهەمەکان بەسەر بازاڕەکان کرا.