فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان بەشداریی لە چالاکیەکى تایبەت بە نەخۆشییەکانی پووک دەکەن
رۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٥)، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر شوان خەیام مەعسوم، بەشدارییان لە سیمینارێکی گرنگدا کرد کە تایبەت بوو بە “چۆن حاڵەتەکانی نەخۆشیی پووک وەک پیشەگەرێک دەستنیشان بکەیت” (Do Dx Perio Cases Like a Pro).
لەو سمینارەدا، کە لە سەنتەری ئەدڤانسد دێنت (Advanced Dent) بەڕێوەچوو، ناوەڕۆکەکەى لەلایەن بڵند ئەحمەد ئەلمەماسانی پێشکەش کرا، ناوەڕۆکى بەشێکە لە زنجیرە سیمینارەکانی دێنتۆڤەیت (Dentovate)، کە پلاتفۆرمێکی پیشەییە و پەرە بە نوێگەری و پێشکەوتنەکانی پزیشکیی ددانى هاوچەرخ دەدات. لە ماوەى سمینارەکەدا فێرخوازان بەشداریی گفتوگۆی کارلێکردنیان کرد و هەڵسەنگاندنێکی کورتی زانیارییان لەسەر نوێترین پۆلێنکردنی نەخۆشییەکانی پووک ئەنجامدا، ئەوەش وایکرد تێگەیشتنیان لە بنەماکانی دەستنیشانکردن و بەکارهێنانە کلینیکییەکان قووڵتر بێتەوە. دوای کۆتاییهاتنی بەشی فێرکاریی سیمینارەکە، فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکانی شارەزاى ددان بکەن، هەروەک پیشانگەى کەرەستەی پزیشکی ددان بەسەر بکەنەوە و بیرۆکە ئاڵوگۆڕ بکەن.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بە هەریەک لە فێرخوازان بەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشداریی چالاکانە و پابەندبوونیان بە فێربوونی بەردەوام لە بواری پزیشکی ددان.