فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان گەشتێکی ئەکادیمی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر ئەنجامدەدەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢/١٠/٢٠٢٥، بەسەرپەرشتى مامۆستا عامر أحمد ذياب؛ ڕاگرایەتى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی گرنگی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازان لەلایەن دکتۆر دلێر سابیر بایزەوە پێشوازی گەرمیان لێکرا، کە وێڕای بەخێرهێنانیان، ستایشی گرنگی ئەم دەستپێشخەرییە پەروەردەییانەی کرد لە پەرەپێدانی شارەزایی پزیشکانی داهاتوو. سەردانەکە گەشتێکی وورد و فراوانی ناو بەشەکانی نەخۆشخانەکەی لەخۆگرت، کە تێیدا دکتۆر دلێر سابیر بایز یاوەرى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوە بەشە جیاوازەکان و ڕوونکردنەوەی تەواوی پێشکەش کرد، لە بەشی نەشتەرگەری شەویلگە، فێرخوازان ئاشنای سروشتی نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە نەشتەرگەری دەم و شەویلگە بوون، دواتر، لە بەشی پزیشکی ناوخۆ، چاودێری شێوازەکانی دەستنیشانکردن و بەدواداچوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی ناوخۆیان کرد، هەروەها لە میانەى سەردانیکردنیان بۆ بەشی چاودێری چڕ (ICU) دەرفەتێکی پێدان بۆ ئەزموونکردنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە کتوپڕ و هەستیارەکاندا، کە تێڕوانینێکی بەنرخیان دەربارەی خێرایی بڕیاردان لە دۆخە پڕ فشارەکاندا بەدەستهێنا.
لەم گەشتەدا، ڕوونکردنەوەی وورد دەربارەی چەند حاڵەتێکی نەخۆشی ڕاستەقینە پێشکەش بە فێرخوازان کرا، لەوانە نەخۆشانی تووشبوو بە جەڵتەی مێشک و کارلێکە درێژخایەنەکانی، هەروەها نەخۆشانی شەکرە و کاریگەرییەکەی لەسەر ساڕێژبوونی برین و تەندروستی دەم و ددان. ئەم خستنە ڕووە کردارییە تێگەیشتنی فێرخوازانى بۆ پەیوەندی نێوان تەندروستی گشتی و تەندروستی دەم و ددان پەرەپێدا.
فێرخوازان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەرفەتێکی گرنگیان بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای سروشتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشان و دەستنیشانکردنی حاڵەتە کلینیکییە ئاڵۆزەکان ببن. لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا عامر ئەحمەد دیاب سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە و دکتۆر دلێر سابیر بایز کرد، بۆ پێشوازی گەرم و هاوکارییە بەرهەمدارەکەیان. ئاماژەی بەوەشدا ئەم جۆرە چالاکییە زانستیانە وەک پایەیەکی بنەڕەتی وان لە ئامادەکردنی فێرخوازانى پزیشکی ددان و پەرەپێدانی شارەزاییە کرداری و زانستییەکانیان، بە شێوەیەک کە لێهاتووییەکی بەرزیان پێ ببەخشێت بۆ ئەنجامدانی پیشەکەیان.